گرفتێکی تری گێڕ کە بۆ هایدرۆلیک و فلتەر ناگەڕێتەوە

:: PM:02:54:11/04/2021 ‌

شارەزایەکی میکانیکی لەبارەی گرفتەکانی گێڕی ئۆتۆمبێل دەڵێ، مەرج نییە تەنیا هایدرۆلیک و فلیتەر گرفت بۆ گێڕی ئۆتۆمبێل دروست بکەن، بەڵکو زۆر کێشەی تر هەیە وا دەکات گێڕ بەتەواوتی کار نەکات یانیش لەکاتی گۆڕیندا دەنگی شێوە تەپەی هەبێت کە بە ''بازدان یان فڕێدان'' ناسراوە.

کاروان ڕەزا شارەزای میکانیک و رۆنگۆڕ بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، زۆرێک لە شۆفێران کاتێک کێشەی گێڕیان بۆ دروست دەبێ و دەیبەنە لای کەسانی شارەزای بوارەکە، ئەوان بەبێ هیچ پشکنینێک دەڵێن، گرفت لە هایدرۆلیک و فلتەر هەیە، راستە هایدرۆلیک و فلیتەر دەبێ لەکاتی خۆیدا بگۆڕدرێت ئەگینا کێشە بۆ گێڕ دروست دەکات، بەڵام مەرج نییە هەمووکات کێشەکە بۆ هایدرۆلیک و فلتەر بگەڕێتەوە.

مەرج نییە هەموو کات کێشەی گێڕ بۆ هایدرۆلیک و فلتەر بگەڕێتەوە

ئەو شارەزایە هۆکارێکی تر دەخاتەڕوو کە زۆرجار گرفت بۆ گێڕ پەیدا دەکات بەتایبەت گێڕی مانوێڵ، ئەویش لەکاتی گۆڕینی گێڕدا دروست دەبێت، گرفتەکەیش بریتییە لە شکانی قەپاغ و بورغەکانی لاشەی گێڕەکەیە، کە وا دەکات لە ڕێڕەوی خۆی لادات و لەکاتی گێڕ گۆڕیندا تەپە دروست بکات و بەشێوەیەکی ئاسایی گێڕ نەگۆڕێت.

هۆشیاری ئەوەیش دەدات، کاتێک کێشەی گێڕت هەبوو پشکنینی گشتی بۆ لاشەی قەپاغی گێڕ بکە و ئەوکات بزانە هایدرۆلیک پیس بووە یان نا، چونکە کێشەی میکانیک لە ئۆتۆمبێلێکەوە بۆ دانەیەکی تر دەگۆڕێت، لەبەر ئەمە پێویستە پێش چارەسەرکردنی کێشەکە پشکنینێکی گشتی ئەنجام بدەیت و کرۆکی گرفتەکە بدۆزیتەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان