چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا، ڤاكسینكردنی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا بكاته مه‌رج، پیش به‌شدارییكردن له یۆرۆی 2020.
رۆژنامه‌ی كۆریێری دیلۆ سپۆرتی ئیتالی بڵاوی كرده‌وه، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا "یوێفا" كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پرۆتۆكۆڵێكی پزیشكی ده‌كات بۆ یارییه‌كانی جامی یۆرۆی 2020، كه ڤاكسینكردنی یاریزانان له ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێته مه‌رج و زۆره‌ملێ.
پاڵه‌وانیه‌تیی یۆرۆی 2020 بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی تۆپی پێ هاوینی ئه‌مساڵ ده‌كرێت، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دواخرا.
پلانی فیدراسیۆنه‌كه ئه‌وه‌یه، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی هه‌ر 24 هه‌ڵبژارده، كه ژماره‌یان 600 یاریزانه و به‌شداریی یۆرۆ ده‌كه‌ن، ڤاكسینیان لێ بدرێت، چونكه ده‌ركه‌وت له یارییه‌كانی پاڵاوتنی مۆندیال بۆ تیپه‌كانی ئه‌وروپا، كه مانگی رابردوو سێ گه‌ڕی لێ به‌ڕێوه‌چوو، نزیكه‌ی 20 یاریزان تووشی كۆرۆنا بوون، له‌وانه‌ش یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتالیا "بۆنۆچی، بێرناردێكسی، گریفۆ، ماركۆ ڤیێراتی و فلۆرێنزی".
یارییه‌كانی یۆرۆی 2020 له ماوه‌ی 11ی حوزه‌یران تا 11ی ته‌مووزی داهاتوو له 12 شاری ئه‌وروپا به‌ڕێوه ده‌چن، كه تا ئێسته 8 شاری ئه‌وروپا ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه رێگه به هانده‌ران بده‌ن له یارییه‌كاندا ئاماده‌بن، ئه‌وانیش شاره‌كانی سان پێترسبێرگ، له‌نده‌ن، پۆدابێست، باكۆ، ئه‌مستردام، كۆپنهاگن، بوخارست و گلاسكۆ".
تا ئێسته وڵاتانی ئیتالیا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا و ئێرله‌ندا شكستیان هێناوه له‌وه‌ی
گه‌ره‌نتی به فیدراسیۆنی ئه‌وروپا بده‌ن، ده‌توانن یارییه‌كان له شاره‌كانی" رۆما، میونشن، بیلباو دبلن" به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ره‌وه میوانداریی بكه‌ن.
له 19ی ئه‌م مانگه‌دا پێویسته ئه‌و چوار شاره زانیاریی زیاتر له باره‌ی پلانه‌كانیان بۆ میوانداریی یارییه‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن، له هه‌مان رۆژدا فیدراسیۆنی ئه‌وروپا بڕیاری كۆتایی له باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان له‌م شارانه‌دا ده‌دات.