سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان ڕای گه‌یاند، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نووسراوی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بڕی پاره ره‌وانه بكه‌ن.
زیاد جه‌بار سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی كه په‌یامنێری "وشه" ئاماده‌ی بوو ڕای گه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لیژنه‌كانی په‌رله‌مان، كۆمه‌ڵێك ڕوونكردنه‌وه‌ی گرنگیان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دا.
له ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕۆژه‌ی بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێ
ڕوونیشی كرده‌وه كه رێككه‌وتن كراوه، به‌ڵام پێویستی به‌ڕێنوێنی و ورده‌كاری هه‌یه له به‌غداوه، بۆیه به‌رده‌وام شاندی ته‌كنیكی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ناردنی بودجه‌ی كوردستان كراوه، دووپات كراوه‌ته‌وه كه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕۆژه‌ی بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێ و شه‌فافییه‌ت پێڕه‌و بكرێ.
له‌باره‌ی ناردنی پاره له به‌غداوه بۆ هه‌رێم، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، نووسراوی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كردووه تا پاره ڕه‌وانه بكات و شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌وه به‌غدا.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، وه‌زیری دارایی رای گه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره نه‌نێرێ، ته‌مویلی مووچه به 79% به‌رده‌وام ده‌بێت.