له ئێسته‌دا فیلمێكی ده‌رهێنه‌رى كورد هێمن خۆفیا، به‌هۆى هۆكارێكى تایبه‌ت له كوردستان نمایش ناكرێت، به‌ڵكو له‌چه‌ند فێستیڤاڵێكى جیهانى وه‌رگیراوه و نمایش ده‌كرێت.
له‌وباره‌یه‌وه هێمن به"وشه"ى راگه‌یاند: فیلمى "هاوڕه‌گه‌زخواز" بریتییه له نوێترین كارى هونه‌ریم كه له نووسین و سیناریۆ و ده‌رهێنانى خۆمه، ئه‌و فیلمه ماوه‌كه‌ى 15 خوله‌ك و 30 چركه‌یه و شه‌ش ئه‌كته‌رى سه‌ره‌كیى كورد كه سێ كوڕ و سێ كچن به‌شدارن تێیدا، تا ئێسته له كوردستان نمایش نه‌كراوه و ئه‌كته‌ره به‌شداربووه‌كانى ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه له ئێسته‌دا له كوردستان نمایش بكرێت.
روونی كردووه‌ته‌وه، ئامانجم له‌و فیلمه ئه‌وه‌یه له ڕێی ئه‌و فیلمه‌وه كار بكرێت بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌هاوڕه‌گه‌زخوازان و مافیان هه‌بێت و پارێزراوبن. له ساڵى 2013 وه بیرۆكه‌ى دروستكردنى فیلمێكى له‌و شێوه‌یه له‌لام دروست بووه، له ئێسته‌دا كاره‌كانى ته‌واو بووه و له چه‌ندان فێستیڤاڵى ده‌ره‌وه وه‌رگیراوه.
ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و فیلمه له شارى سلێمانى وێنه‌گرتنى بۆ كراوه، په‌یداكردنى ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌و فیلمه قورس بوو، به‌ڵام كاتێك زانیم چه‌ند هاوڕه‌گه‌زخوازێك هاوڕێمن و په‌نام بۆ فه‌یسبووك برد، له‌گه‌ڵ هۆژان ئه‌كته‌رى سه‌ره‌كیى ئه‌و فیلمه گفتوگۆم كرد و ڕێگه‌م بۆ ئاسانتر بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانى تر، ئه‌وانه‌ى له‌و فیلمه به‌شدارییان كردووه، ته‌نیا یه‌ك مه‌رجیان هه‌بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و فیلمه له ئێسته‌دا له كوردستان نمایش نه‌كرێت، منیش هاوڕام له‌گه‌ڵیاندا و له ئێسته‌دا ناردوومانه بۆ فێستیڤاڵه‌كانى ده‌ره‌وه.
ئه‌و ده‌رهێنه‌ره ئاماژه‌ی دا كه له ئێسته‌دا ئه‌و فیلمه شه‌ش جار له ده‌ره‌وه‌ى وڵات نمایش كراوه له رووسیا و دانیمارك و كه‌نه‌دا، له24 وڵاتى تر وه‌رگیراوه بۆ به‌شداریكردن له فێستیڤاڵه‌كان وه‌ك وڵاتانى سوید و ئه‌ڵمانیا له به‌رلین و هانۆڤه‌ر و توركیا و ئیسپانیا، بڕیار وایه له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانیش نمایش بكرێت وه‌ك له‌دوبه‌ى و قه‌ته‌ر، به‌ڵام له ئێران و سعوودیه و میسر بلۆك كراوه بۆ نمایشكردن .
هەولێر/ شاخه‌وان شێخانى