خەڵكی سلێمانی لە هێڵی سوور دەژین

:: AM:08:55:13/04/2021 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەتایبەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان، پزیشكێكی پسپۆڕ ڕای دەگەیەنێت، ژیان لە سەرووی 11%ـی ڕێژەی تووشبوون لە پشكنینەكان، هێڵی سوورە و مەترسیدارە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی نیسان، دلێر خۆشناو پزیشكی كۆئەندامی هەناسە و سییەكان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر ڤایرۆسێك یان نەخۆشییەك بڵاو دەبێتەوە، دوای چەندان توێژینەوە ڕێژە و ئاستی بڵاوبوونەوەی و دۆخی مەترسیداری بۆ دیاری دەكرێ.

ئەو پزیشكە گوتی، بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕێژەی مەترسیدار 11% دیاری كراوە، واتا لە 100 پشكنین كە بۆ هاووڵاتییان كرا، دەركەوت 11 كەس هەڵگری ڤایرۆسەكەیە، ئەوا حاڵەتێكی مەترسیدارە و پێویستە بەخێرایی خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێنوێنییەكان بكرێت، ئەگەر هەیە كەرەنتینیش بێت.

ڕێژەی تووشبوون لە سلێمانی 14%ـی تێپەڕاندووە و ڕۆژانە ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوەدایە.
باسی لەوەش كرد، لە دواین كەرەنتینەی ئەڵمانیا، ڕێژەی تووشبوون لە پشكنینەكان 13% بوو، بۆیە قەدەغەی سەرانسەری ڕاگەیاند بۆ پاراستنی تاكەكانی وڵاتەكە، ئەوەشی لە پشكنینەكانی ئەو هەفتەیە لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە بۆ سلێمانی و دهۆك بڕیاری پێویست بدرێ‌ ئەگەر تا هەفتەیەكی تر ڕێژەكان لە بەرزبوونەوە بێت.

بەپێی دواین ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پشكنینەكان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دەردەكەوێت، ڕێژەی تووشبوون لە سلێمانی 14%ـی تێپەڕاندووە و ڕۆژانە ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوەدایە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، ڕێژەی تووشبوون ئێستە لە هەولێر كەمترینە كە 5.53% پشكنینەكانە، دهۆكیش پلەی دووەمی گرتووە لە تووشبوونی هاووڵاتییان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.




وشە - رامیار جەواد