كۆمسیۆن: تەنیا دوو ڕۆژ بۆ نوێکردنەوەی كارتی بایۆمەتری ماوە

:: AM:09:39:13/04/2021 ‌
وادەی تۆماری هاووڵاتییان بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەرەو كۆتایی دەچێت. بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش ڕای دەگەیەنێت، داواكارین هاووڵاتییان كارتی دەنگدانیان نوێ‌ بكەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی نیسان، محەمەد واحید ئەندامی دەستەی تیمە گەڕۆكەكانی كۆمسیۆن بۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر شوێنێك دوورەدەست بێت و هاووڵاتییان پێوەندییان كردبێت، تیمەكانی كۆمسیۆن چوونە بۆ نوێكردنەوەی تۆمارەكەیان.

زیاتر گوتی، ئەو كەسانەی نەخۆش و بەساڵاچوویان هەیە لە ماڵەكانیان، لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان دوای پێوەندیكردن بە كۆمسیۆن، بە كەمتر لە 24 سەعات كارەكانیان تەواو كراوە.

باسی لەوەش كرد، هیچ گوشارێك لەسەر ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری نییە و هاووڵاتییان تەنیا بە 15 خولەك دەتوانن كارەكانیان تەواو بكەن، هەروەها ئێستە 48 سەعات كات ماوە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری و تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ درێژكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری. 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بڕیاری داوە تا 15ـی نیسان تۆماری بایۆمەتری بەردەوام بێت، ئەوەیش دوای دوو جار درێژكردنەوەی ئەو كاتە.



وشە - رامیار جەواد