عەلی خامنەیی خۆپاڵاوتنی نەوەی خومەینی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری رەت كردەوە

:: AM:09:48:13/04/2021 ‌
عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، نەیهێشت حەسەن خومەینی نەوەی روحوڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ بپاڵێوێت.

یاسر خومەینی برای حەسەن خومەینی، ئەو زانیارییەی بۆ میدیاكانی ئێران ئاشكرا كردووە و گوتوویەتی، براكەی خەریكی خۆئامادەكردن بووە تا بۆ هەڵبژاردن خۆی بپاڵێوێت، بەڵام دوای ئەوەی چاوی بە خامنەیی كەوتووە، پێی گوتراوە نابێت خۆی بپاڵێوێت.

ئەو نەوەیەی خومەینی پێشتریش رێی خۆپاڵاوتنی لێ گیرابوو.


لە چەند رۆژی رابردوو هەندێك هێز و لایەنی سیاسی لە ئێران پاڵپشتییان لە حەسەن خومەینی كردبوو بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بپاڵێوێت. ئەو نەوەیەی خومەینی پێشتریش رێی خۆپاڵاوتنی لێ گیرابوو. شەش ساڵ لەمەوبەر ویستی لە ئەنجوومەنی شارەزایان خۆی بپاڵێوێت، بەڵام لە لایەن ئەنجوومەنی چاودێری رەت كرایەوە.

ئەوكات ئەنجوومەنی چاودێری هۆكاری رەتكردنەوەی پاڵاوتنی حەسەن خومەینی بۆ ئەوە گەڕاندەوە لە تاقیكردنەوەی "ئیجتیهاد" بەشداری نەكردووە، كە تاقیكردنەوەیەكی گرنگی زانایانی ئاینی شیعەیە بۆ ئەوەی پلەی زانستیی شەریعەتیان بەرز ببێتەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە كۆتایی وەرزی بەهار بەڕێوە بچێت، هاوكات لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێوە دەچێت.

كێشەی ناو بنەماڵەی خومەینی و دەسەڵاتدارانی ئێستەی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی هەبووە و دەگوترێ تەنانەت ئەحمەد خومەینی كوڕی خومەینیش، ژەهرخوارد كرا كاتێك دەیویست جێی باوكی بگرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان