كەنەدا بڕیاری دا چیتر چەك بە توركیا نەفرۆشێت

:: PM:12:31:13/04/2021 ‌
كەنەدا لە پرسی فرۆشتنی چەك بە توركیا، بەو دەرەنجامە گەیشت چیتر چەك بەو وڵاتە نەفرۆشێت، چونكە بەڵێنەكانی كڕینی چەكی پێشێل كردووە و بۆ جەنگی دوو وڵاتی تر بەكاری هێناون.

وەزیری دەرەوەی كەنەدا ئاشكرای كرد، چیتر لە وڵاتەكەیەوە هیچ جۆرە چەك و پێداویستییەكی سەربازی هەناردەی توركیا ناكرێت و سەرجەم مۆڵەتەكانی هەڵوەشاندووەتەوە.

مۆڵەتی هەناردەی چەك بۆ توركیا، ساڵی رابردوو دوای پاڵپشتی توركیا لە هێرشی سەربازیی ئازەربایجان بۆ سەر ناوچەی قەرەباغ، هاتبووە هەڵپەساردن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، هەڵپەساردنەكە دوای ئەوە راگەیەنرا كە ئاشكرا بوو توركیا لە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئازربایجان كە بۆ هێرشی ئەرمینیا سوودی وەردەگرت، كۆمەڵێك سیستمی وێنەگرتن و دەستنیشانكردنی ئامانج بەكار هاتووە كە پێشتر كەنەدا بە توركیای فرۆشتبوون.
دوای لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكان، بۆیان دەركەوتووە ئەوەی لە رابردوودا رووی داوە راست بووە

مارك گارنۆ وەزیری دەرەوەی كەنەدا گوتوویەتی، دوای لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكان، بۆیان دەركەوتووە ئەوەی لە رابردوودا رووی داوە راست بووە، بۆیە چیتر هیچ جۆرە چەكێك بە توركیا نافرۆشرێت.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی كەنەدا، سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆجیای كەنەدی بۆ جەنگێك كە لە دەرەوەی توركیا كراوە، لەگەڵ رێككەوتنەكە یەك ناگرێتەوە، چونكە توركیا دڵنیایی ئەوە بە كەنەدا دابوو بە هیچ شێوەیەك ئەو تەكنەلۆجیایە بۆ وڵاتێكی تر نەگوازێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان