هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌سه‌عید مسته‌فا له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه"دا ده‌ڵێ، له دوو درامای نوێ به‌شداریم كردووه. هاوكات ڕه‌خنه‌یش له زۆر درامای ئێسته و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌گرێ.
•ماوه‌یه‌كه زۆر به كه‌می ده‌رده‌كه‌ویت، هۆكارێكی دیاركراو هه‌یه؟
وه‌ك ئه‌وه‌ی له هونه‌ر دابڕابین، ئه‌وا دانه‌بڕاوین، به‌ڵام هونه‌ر له‌م ڕۆژگاره‌دا زۆر قورس بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی دراما پێویستی به ئه‌ركێكی زۆره، ده‌بێ بودجه‌یه‌كی باشی بۆ دابین بكرێت، ئه‌و بودجه‌یه له به‌رده‌ست نییه كار بكه‌ین وه‌ك و جاران ده‌ستكراوه بین بۆ كاركردن، له‌لایه‌كی تره‌وه دۆخی ته‌ندروستی خۆم هۆكارێكی تره كه كه‌متر ده‌ربكه‌وم.
• ئایا هیچ كارێكی نوێتان هه‌یه؟
له دوو زنجیره درامادا به‌شداریم كردووه، له‌مڕۆوه یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زان له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان نمایش ده‌كرێن، یه‌كه‌م دراما به‌ناوی "ئاسه‌وار"ه و 15 حه‌ڵقه‌یه، درامای دووه‌م به‌شدارم به‌ناوی "تازه‌باو" 30 حه‌ڵقه‌یه، من له 11 حه‌ڵقه‌ی به‌شداریم كردووه.
• جیاوازی چییه له دراماكانی ئێسته و ساڵانی ڕابردوو كه ئێوه به‌شدار بوون؟
جیاوازی زۆر هه‌یه، له‌و سه‌رده‌مانه‌ی حوسێن میسری و مامۆستا جه‌لیل زه‌نگه‌نه كاری درامایان ده‌كرد، دراما چێژێكی تایبه‌تی هه‌بوو، كه‌سه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیان كاری جوان بوو، باسی پاره و گرێبه‌ستی نه‌ده‌كرد، خۆشه‌ویستی كاره‌كه وا ده‌كات هه‌ندێكجار له‌سه‌ر گیرفانی خۆت كارت ده‌كرد، ئێسته نه خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی ماوه، نه ئه‌و چیرۆكه جوانانه ماوه، ئێسته به‌شێك له كاری هونه‌ری دراما و فیلم هه‌یه بۆ كات به‌ڕێكردن و ده‌ستكه‌وتی مادییه.
•قسه‌تان له‌سه‌ر ده‌رهێنه‌ری كۆچكردوو حوسێن میسری چییه، بۆ كه باسی دراما ده‌كرێ باسی ئه‌و ده‌كرێ؟
به‌دڵنیاییه‌وه حوسێن میسری كاره‌كته‌رێكی زۆر جوان بوو له ناو درامای كوردیدا، ده‌رهێنه‌رێكی به‌سه‌لیقه بوو، هه‌ڵقوڵاوبوو له‌ناو ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ناو گه‌له‌كه‌مان ڕوویان داوه، ئه‌وكاته دراما زۆر پێشكه‌وتووتر و كاریگه‌رتر بوو.
•له كام كاری هونه‌ریت په‌شیمانیت و نه‌ده‌بوو بیكه‌ی؟
ئه‌و كارانه‌ی كردوومه له هیچی په‌شیمان نیم، چونكه سه‌رده‌مێكی زۆر پێش ئه‌وه‌ی بێمه ناو كاری دراما، له شانۆ كارم كردووه، له ساڵی 1976 ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانم، شانازی به‌و سێ زنجیره درامایه‌وه ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ حوسێن میسری به‌شدار بووم، له‌وێوه من ده‌ركه‌وتم.
•له كوردستان كه‌ناڵه‌كان گرنگی به درامای بیانی ده‌ده‌ن، بۆچوونتان له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟
به‌و هیوایه‌ی به‌رهه‌می زنجیره درامای كوردی به‌به‌رده‌وامی به‌رهه‌م بهێنرێت، نه‌ك ته‌نیا بۆ مانگێك، به‌ڕاستی كۆمه‌ڵگای ئێمه وێران بووه و به‌لاڕێدا ڕۆیشتووه به‌ده‌ست درامای توركییه‌وه، به‌داخه‌وه جه‌ماوه‌رێكی زۆریشیان هه‌یه، كاره‌ساتیان به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هێناوه، بۆچوونی زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌یه كاریگه‌ری درامای توركی زۆر خراپه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه.
•نووسه‌ر و چیرۆكی كوردی وامان هه‌یه كه بتوانرێ زنجیره درامای كوردی جێی درامای بیانی بگرێته‌وه؟
به‌ڵێ ڕۆمان و شاكاری زۆر جوانمان هه‌ن كه بكرێن به دراما، نووسه‌ری نوێمان هه‌یه له بواره‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی به‌توانان، كه‌ناڵی باشیشمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی درامای كوردی به‌رهه‌م بێت، به‌ڵام كێشه بودجه‌یه، بۆ نموونه درامای باش به‌رهه‌م ده‌هێنی و ده‌یبه‌یته كه‌ناڵه‌كان گرنگی پێ ناده‌ن.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز هه‌ورامی