لە شارێكی ئێران ژنێك بە سكێك پێنج منداڵی بووە و منداڵەكانیش سەرجەمیان كوڕن. باوكی منداڵەكان زۆر دڵخۆشە لەوەی منداڵەكانی بە سەلامەتی لە دایك بوون، بەڵام نیگەرانە لەوەی دەستكورتە و توانای بەخێوكردنی ئەو هەمووە منداڵەی نییە.
تاهیرە گەشتاسوب بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیراز ئاشكرای كرد، لە نەخۆشخانەكەیان ژنێك پێنج كوڕی بە سكێك بوو و سەرجەم منداڵەكانیش تەندروستییان جێگیرە.
منداڵەكانیش لە هەفتەی 29ی سكپڕیدا لە دایك بوون
ژنەكە یەكەم سكیەتی و تەمەنی 22 ساڵە، منداڵەكانیش لە هەفتەی 29ی سكپڕیدا لە دایك بوون و پزیشكەكان ناچار بوون نەشتەرگەری بۆ دایكی منداڵەكە بكەن دوای ئەوەی دۆخی تەندروستی تێك چووبوو.
عابید مورادی باوكی منداڵەكان كە شوفێری یەكێك لە كۆمپانیاكانە، دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە لەوەی بووەتە باوكی پێنج منداڵ و ئاماژەشی داوە، دۆخی دارایی زۆر خراپە و چاوەڕوانی لە حكوومەت هەیە یارمەتی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێ پێداویستییەكان و چاودێری تەندروستیی ئەو منداڵانە دابین بكات.
بەگوێرەی
سپوتنیك، ئەو گوتوویەتی بە راوێژ لەگەڵ دایكی منداڵان، ناوی منداڵەكانی ناوە ئەمیرعەباس، ئەمیرسام، ئەمیررەزا، محەمەدماهان و محەمەدمەهدی.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش ئاماژەی داوە كێشی منداڵەكان زۆر كەمە، داواشی لە خێرخوازان كردووە یارمەتی ئەو خێزانە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن منداڵەكانیان بە باشی بەخێو بكەن.