نرخی نەوت 3% هەڵكشا

:: AM:10:30:14/04/2021 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسە، رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و سەرووی 3% لە نرخەكەی هەڵكشاوە.

لە دووشەمەوە هەموو رۆژێك بڕێك لە نرخی نەوت هەڵكشاوە، ئەمڕۆ چوارشەمیش نرخەكە رووی لە هەڵكشانە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە 10 رۆژی رابردوو تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت ئێستە بە 64 دۆلار و 54 سەنت دەفرۆشرێت، لەكاتێكدا سەرلەبەیانی رۆژی دووشەم بۆ 62 دۆلار و 55 سەنت دابەزی. لەو كاتەوە دوو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك بەرز بووەتەوە كە دەكاتە سەرووی 3%.

لە سەرەتای مانگی رابردوو نرخی نەوت 70 دۆلاریشی تێپەڕ كردبوو، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە و ئەو دابەزینەش تا پێنجی نیسان درێژەی كێشا.

نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێوەندی بە دابەزینی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا هەیە


نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێوەندی بە دابەزینی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا هەیە، دەگوترێ بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و هەر جۆرە دابەزینێك لە قەبارەی نەوتەكە، نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

هۆكارێكی تر پێوەندی بە هەنگاوەكان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی پیشەسازیی دنیا هەیە كە بەهۆی كۆرۆنا، كاریگەری زۆری وەرگرتبوو و ئێستە كە لە زۆربەی وڵاتان دەست بە كوتان دژی ڤایرۆسەكە كراوە، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ لە زۆربەی وڵاتان دۆخەكە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

هاوكات وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانیشی لەوەتەی نرخی نەوت دابەزیوە، هاوكاری یەكتریان كردووە تا بتوانن رێژەیەكی كەمتر لە نەوت بخەنە بازاڕەوە و یارمەتی پەرەسەندنی بەهای نەوت بدەن



وشە - سلێمان تاشان