كاتی كۆتاهاتنی خوێندن ڕاگەیەنرا

:: PM:01:00:15/04/2021 ‌
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت، خوێندنی زانكۆ و پەیمانگەكان سێ‌ بۆ چوار هەفتەی تر بەردەوام دەبێت و كۆتایی دێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی نیسان، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دۆخی تەندروستی قوتابیانی خوێندنی باڵا لەڕووی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستی مەترسیدا نییە، بۆیە خوێندن بەردەوامە.

وەزیری خوێندنی باڵا گوتی، لە زانكۆ و پەیمانگەكان خوێندن تا 80% خوێنراوە و سەركەوتوو بووە،  رەنگە لە سێ بۆ چوار هەفتەی تر بەو شێوەیەی ئامانجمانە، خوێندن لەسەر ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ئەمساڵ كۆتایی پێ بێت.

سێ بۆ چوار هەفتەی تر بەو شێوەیەی ئامانجمانە، خوێندن لەسەر ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ئەمساڵ كۆتایی پێ بێت.
باسی لەوەش كرد، بۆ ساڵی نوێی خوێندن كار لەسەر سیستمی وەرگرتنی قوتابیان دەكرێ‌ و ئەو سیستمی وەرگرتنی قوتابیان كە ئێستە هەیە، سیستمێكی خراپ و تەقلیدییە، بۆیە زۆرجار ئەم پرسە گرفت بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، دەمانەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، سیستمێكی مۆدێرن و گونجاو بۆ ئەو پرسە دابنێین.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كێشەی زۆر بۆ خوێندن دروست بووە، دواین بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، قوتابیانی زانكۆ تەنیا بۆ وانە پراكتیكییەكان دەچنەوە ناو هۆڵەكان و دڕێژە بە خوێندنی ئۆنلاین دەدرێ‌.



وشە - رامیار جەواد