ساڵح قه‌لاب وه‌زیری ڕاگه‌یاندن و ڕۆشنبیری پێشووی ئوردن و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌میندارانی گرووپی سعوودیه بۆ توێژینه‌وه و بازاڕكردن، له ڕۆژنامه‌ی "
شه‌رق ئه‌وسه‌ت" وتارێكی به ناونیشانی "ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ده‌ست به داگیركردنی عێراق وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌گرن" بڵاو كردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، كاتێك مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یامێكی توندی به ئێران دا و ناڕه‌زایی ده‌ربڕی له ده‌ستوه‌ردانی ئێران له كاروباری عێراق، دواتر حوسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران گه‌یشته به‌غدا، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه دێ، كه كاروباری نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ره‌و بنبه‌ست ده‌ڕۆن و به‌شێكیش له‌و بڕوایه‌دان كه دۆخه‌كه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و پێكدادان ده‌گۆڕێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی پێشووی عێراق و ئێران ڕژێمی ویلایه‌تی فه‌قێ تووشی شكست و دۆڕان هات، به‌ڵام دوای ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به ئامانجی له‌ناوبردنی ڕژێمی پێشووی عێراق و له‌داردانی سه‌دام حوسێن و گۆڕینی شێوازی هاتنی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق له ڕزگاركه‌ره‌وه بۆ داگیركه‌ر، سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق به ڕووی ئێران كرایه‌وه.
ئێرانییه‌كان به بێده‌نگی دوای له‌ناوچوونی به‌عس و سه‌دام، دزه‌یان كرده عێراق له ڕووی سه‌ربازییه‌وه، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا عێراق به‌ڵكو سووریا و لبنانیشی گرته‌وه، دواتریش چوونه یه‌مه‌نه‌وه، كاروباری گرووپه توندڕۆ و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان له هه‌رسێ وڵات له ڕووكه‌شدا له ده‌ست كه‌سانی ئه‌و وڵاته‌یه، به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا له‌لایه‌ن هه‌واڵگری ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرێ و به‌ڕێوه ده‌برێن.
پێویسته میحوه‌ری عه‌ره‌بی له دژی تاران و ئه‌نكه‌ره چالاك بكرێ و ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه
هاتنی سه‌لامی دوای په‌یامه‌كه‌ی كازمی بۆ عێراق، به مانای حساب نه‌كردن و وه‌ستانه‌وه به ڕووی كازمی و په‌یامی هاتنیشی ئه‌وه بوو، كه بوونی ئێران له عێراق له‌سه‌ر خواست و داوای عێراقییه‌كان واته شیعه‌كانی سه‌ر به ئێرانه كه له عێراقن، سه‌ردانه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به‌رهه‌ڵستی بوونی ئێران له عێراق ده‌كه‌ن.
كارێكی مه‌حاڵه و به دوور ده‌زانرێ ئێران له عێراق له ڕووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه پاشه‌كشه بكات، كاتێك بوون و ده‌ستوه‌ردانی ئێران به ڕوونی له چوار وڵاتی عه‌ره‌بی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه، كه بریتین له لبنان و عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه ئێمه حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه‌كه بڵێین، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه ئێران له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ته‌ناهی و ئابوورییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر چوار وڵاتی عه‌ره‌بی داگرتووه.
ئه‌مه‌یش ڕوونه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی پێشووی، ئه‌وا تاران و خامنه‌یی ده‌بن به خاوه‌نی بڕیاری سیاسی له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌كرێ بڵێین سه‌رده‌می شا محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌وی و سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان له ناوچه‌كه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته ته‌داره‌كی خۆمان بكه‌ین و میحوه‌رێكی عه‌ره‌بی چالاك له ڕووی سه‌ربازی و سیاسی و ته‌ناهی و ئابوورییه‌وه له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی دروست بكرێ، له پێش هه‌موویشیانه‌وه شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیه كه ده‌ستی به هه‌وڵه‌كانی له‌و بواره كردووه و تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له بواره‌كه به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌یش بڵێن، كه كاروبار و دۆخه‌كه له‌و ساته مێژووییه قورسه و ئاسان نییه.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو و ساڵانی داهاتوویش كێشه‌كان به ڕووی عه‌ره‌ب زیاتر و زۆرتر ده‌بن، پێوه‌ندییه‌كان به ته‌واوی ده‌بن به دوژمنداری و ئامانجیشم له‌وه‌دا به دیاریكراوی ئێرانه كه له شاههنشاییهوه بۆ خومه‌ینی گۆڕا و ئێسته‌یش بووه‌ته خامنه‌یی.
جموجۆڵی ئه‌م دواییه‌ی تاران له عێراق وه‌ڵامێكه بۆ په‌یامه تونده‌كه‌ی كازمی و حساب نه‌كردنه بۆ حكوومه‌تی شه‌رعی عێراق
توركیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش كه به درێژایی مێژووی عوسمانییه‌كان عه‌ره‌ب و توركه‌كان به‌یه‌كه‌وه كۆ ببوونه‌وه، به‌ڵام ئێسته ئه‌ردۆغان به هه‌مان سیاسه‌یت ئێران و شێوازی سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قێ ده‌ستی به دایگركردنی جیهانی عه‌ره‌بی كردووه، له سووریا به فره‌وانی و هه‌وڵی ئه‌وه‌یش ده‌دا به بیانووی په‌كه‌كه هێرش بكاته سه‌ر عێراق و به هیچ شێوه‌یه‌كیش له‌و سنوورانه پاشه‌كشێ نه‌كات و خۆی جێگیر بكات.
ئه‌ردۆغان هه‌ر بهمهوهیش نه‌وه‌ستاوه، به داگیركردنی باكوری دوورگه‌ی قوبڕس و ناردنی هێز بۆ لیبیا، به‌ڵام وه‌كچۆن له مێژوو توركیا و ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئێران نه‌یانتوانیوه له نیشتمانی عه‌ره‌بی بمێننه‌وه، ده‌ركراون و زۆرترین شۆڕ‌شیان له دژ به‌رپا كراوه، هه‌ر ئه‌مه‌یش چاره‌نووسی ئه‌ردۆغان ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له ناوخۆی وڵاته‌كه‌یش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به ته‌واوی ڕه‌ت بكرێته‌وه.
ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی ئێران له‌سه‌ر عێراقییه‌كان و عه‌ره‌بی دروست كردووه، زۆر ترسناكتره له توركیا، چونكه ئه‌ردۆغان بۆ ده‌رهاوێشتنی كێشه‌كانی ناوخۆی ئه‌م كاره ده‌كات و گه‌لی توركیا لێی قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵام ڕژێمی ویلایه‌تی فه‌قێ به ڕووی هاووڵاتییانی خۆیشی ده‌وه‌ستێته‌وه و دیكتاتۆر و خوێنڕێژه، له‌به‌ر ئه‌وه تا ئێران له وڵاتانی عه‌ره‌بی و عێراق به ته‌واوی ده‌رنه‌كرێ، نه یه‌كێتی وڵاتانی عه‌ره‌بی و نه برایه‌تی وڵاتان دروست ده‌بێته‌وه و نه سه‌رده‌مێكی تر له مێژووی گه‌شاوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.