دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەم 15ى نیسان، سهعات شهش و نیو، ئاگر لە بەشێک لە دووکانی هاووڵاتییان لە بازاڕی سەیداوەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی شارەکە هۆکاری ڕووداوەکەی ئاشكرا دهكات.
ئهمڕۆ ههینى 16ى نیسان، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشه"ى ڕاگەیاند، "هۆکاری ڕووداوەکەی دوێنێى بازاڕی سەیداوە بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێتەوە کە بەهۆیەوە نزیکەی 50 دووکان و شوێنى دەستگێڕی هاووڵاتییان زیانی پێگەیشت، لەسەر ئەو بنەمایەیش داوا لە هاووڵاتییان دەکهین پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی بن."
ئاماژهى دا، "لە ڕووداوەکەدا کۆمەڵێک هاووڵاتیی و کاسبکاران زیانیان بەرکەوتووە و دووکان و شوێنی کارەکانیان بە تەواوی سووتان."
ڕوونى كردهوه، "دوای ئاگادارکردنهوهمان لەبوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی سەیداوە، ڕاستهوخۆ تیمەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد."
بازاڕی سەیداوە و مەیدانی پەلەوەرفرۆشانی هەولێر دەكەوێتە سەر شەقامی 30 مەتریی بەردەم پردی سەیداوە لەناو بازاڕی گەورەی هەولێر.