گوتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین ئاشكراى كرد، بەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان هیزۆپ - چوارقوڕنە ڕوویدا، بەوهۆیەوە دوو هاووڵاتیی مردن و دوو منداڵیش برینداربوون.
ئهمڕۆ ههینى 16ى نیسان، عەلی عەبدوڵا، گوتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە "وشه"ى ڕاگەیاند، "سهعات ههشتى بەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبێڵێکی نیسانی سەنی و ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگر ڕوویدا، بەهۆیەوە سەرنشینێک و شۆفێرەکەی مردن کە هاوسەربوون، دوو منداڵیش لە ناو نیسان سەنیەکەدا بوون بە سەختی برینداربوون".
ئاماژهى كرد، "برینی دوو منداڵهكه سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و تا ئێسته دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە، تەمەنی یەکێکیان دوو ساڵ و ئەوی تریان نۆ ساڵە".
ڕوونى كردهوه، "تاكو ئێسته نازانرێت خێزانەکە خەڵکی کوێن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە، هۆکاری ڕووداوی ڕووداوەکەیش بۆ تیژڕەوی و تێپەڕاندنی هەڵەبووە، لە پێشتریشدا ئەو هۆکارانە چەندان ڕووداوی لەوجۆرە ڕوویانداوە".