ڕێوڕەسمی واژوو و بڵاوکردنەوەی کتێبی عەمەرخانی شکاک لە هەولێر بەڕێوە چوو

:: PM:01:18:16/04/2021 ‌
سه‌عات هه‌شتی شەوی ڕابردوو، لە هۆتێل شیراتۆنی هەولێر، بە بەشداریی پرۆفیسۆر "عەبدولفەتاح بۆتانی" سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی و ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەر، توێژەر و مامۆستایانی زانكۆ و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرچوار بەشی كوردستان، ڕێوڕەسمی واژوو و بڵاوکردنەوەی کتێبی (عەمەرخانی شکاک، لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کوردستان) لە لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی محەمەد ساڵح قادری، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێورەسمەكە بە پیشاندانی گرتە ڤیدیۆیەکی دیکیۆمێنتاریی تایبەت بە کتێبەکە، دەستی پێکرد. پاشان مامۆستا محەمەد حەمەباقی ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی، لەبارەی گرنگی و ناوەرۆکی کتێبەکەوە چەند پەیڤێکی پێشکەش کرد.

حەمەباقی ئاماژەی بەوە کرد، "محەمەد ساڵح قادری، بە ئەشق و هۆگرییەکی زۆرەوە شانی وەبەر ئەم کارە گرنگە داوە کە لەڕاستیدا نووسینەوە و ڕاستکردنەوەی بڕگەکانی مێژووی کورد کە دوژمنانی دەستیان تێ بردووە و شێواندوویانە، کارێکی ئەستەم و دژوارە".

محەمەد حەمەباقی ڕاشی گەیاند: "ئەم پەرتووکە بۆیە پڕبایەخ و گرنگە، چونکە پشتی بە چەندان سەرچاوەی جۆراوجۆر بەستووە و بەڵگەمەندە ئەمەیش زانستی و ئەکادیمیبوونی دەسەلمێنێت".

پاشان لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند بەش و بڕگەی دووتوێی کتێبەکە و کەسایەتی سمکۆی شکاک و عەمەرخانی شکاک و ڕۆڵیان لە بزووتنەوەی کورد و بەتایبەتی ڕۆڵی عەمەرخانی شکاک لەناو كۆمەلەی ژێكاف، حزبی دێموكراتی كوردستان و کۆماری کوردستاندا، کرد.

لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا محەمەد ساڵح قادری نووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، چەند گوتەیەکی لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و دووپاتی کردەوە، "مێژوو ئەمەیە كە ڕوویداوە و پێویستە هەركام لە ڕووداوەكانی مێژوو بە چاوی بارودۆخی سەردەمی خۆیانەوە ببینین و ئینجا بەپێی كارتێكەری ڕەهەندە جیاجیاكانی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەولەتی هەڵیانسەگێنین".

قادری ئەوەی خستەڕوو کە ئەو لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی و بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانیی لە بواری مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا، دەستی داوەتە ئەم کارە.

ئاماژەی دا، لەم پەرتووکەدا نەمویستووە قەزاوەت و داوەری بکەم، بەڵکو بۆ پێدانی زانیاری و ڕاستکردنەوەی هەندێ ناڕوونیی ئەو برگەیە لە بزووتنەوەی کوردستان، ئەم کارەم کردووە. بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پەرتووكە لە بەڵگەنامە و ئەرشیڤی هەشت وڵات کەڵكم وەرگرتووە و بەگشتی 117 بەڵگەی جۆراوجۆر لەم کتێبەدا گونجێندراون".

"پەنجەم لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵە دانایەوە كە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ، هەم وڵاتانی زلهێزی و هەمیش هەرێمی، زۆرتر هەولیان داوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان وەك كارتێك لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان كەڵك لێ وەربگرن، نەك ئەوەی كە پرسی كوردیان خستبێتە ناو ستراتیژیی سیاسیی خۆیان. بۆیە تا ئێستەیش پرسی دەوڵەتبوونی كورد نەكەوتووەتە ناو هاوسەنگیی ستراتیژی هاوكێشە سیاسی و ئابوورییەکانی زڵهێزە جیهانییەکان و فاكتەرەكانی هەرێمی. بۆیە پێویستە ئێمەی کورد بە سوود وەرگرتن لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بزووتنەوەکەمان، بتوانین بە پەرۆشییەوە هەنگاو بۆ چارەسەریی کەموکۆڕی و ناکۆکی و لێکدابڕانەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسیمان هەڵبگرین كە هۆكاری سەرەكی شكەستەكانی ڕابردوومان بوون" قادری وای گوت.

دووپاتی كردەوە، "بەهێزكردنی یەكرێزی ناوخۆیی و ڕژدی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان شوێندانەرترین زامنی سەركەوتنە و هیوادارم كولتووری پێكەوەیی بکەینە وانە بۆ داهاتوومان."

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە پەردەلادان بوو لەسەر کتێبەکە کە نووسەر وێڕای ڕۆستەم جەهانگیری چالاکی سیاسی، پەردەیان لەسەر کتێبەکە لادا و دواتر بە واژۆی محەمەد ساڵح قادری کتێبەکە بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرا.

پەرتووکی (عەمەرخانی شکاک، لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کوردستان 1906 - 1946) کە بە دوو زمانی کوردی (سۆرانی – کرمانجی) و فارسی و لە سێ بەرگی جیادا بڵاو کراوەتەوە، بەشی سۆرانی و فارسییەکەی لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردییە و کرمانجییەکەیشی لەلایەن وەشانگەی ئاڤێستا لە باکووری کوردستان چاپ کراوە. کاری دیزاین و بەرگی کتێبەكانی سۆرانی و فارسی لەلایەن (لوقمان ڕەشیدی)یەوە جێبەجێ کراوە. هاوکات شەهاب خالیدی لە کرمانجییەوە گۆڕیویە بۆ سۆرانی و سەلام ئیسماعیل ‌پوور کردوویەتى بە فارسی و کاری زمانەوانیی بەشی سۆرانیش لەلایەن (شەریف فەلاح)وە جێبەجێ کراوە.












وشە - محەمەد میران