ئاژانسی ڕۆیته‌رز ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی جموجۆڵه‌كانی حزبوڵای لبنانی له دۆخی شكستخواردوو و پڕ له هه‌ره‌سی لبنان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه حزبوڵا ده‌یه‌وێ خۆی بكات به سه‌رچاوه‌ی ڕزق و ڕۆزی و خۆراكی لبنانییه‌كان و كارتی دابه‌شكردنی خۆراك و ده‌رمان به‌سه‌ر خه‌ڵك دابه‌ش ده‌كات، ئه‌مه‌یش به پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌یه.
له ڕاپۆرته‌كه ڕۆیته‌رز پشتی به زانیاری وردی سێ سه‌رچاوه‌ی ئاگه‌دار له لبنانه‌وه به‌ستووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه، له‌گه‌ڵ بوونی ته‌نگژه‌یه‌كی ئابووری و ژیاری قورس له لبنان، كه خه‌ڵكی ڕووبه‌ڕووی بێكاری و برسیه‌تی بوونه‌ته‌وه و ته‌نگژه هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام حزبوڵای لبنانی له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌وڵده‌دات خۆی بكات به فریادڕه‌س و زۆرترین خه‌ڵكی لبنان بۆ خۆی كێش بكات و بیخانخاته ڕیزه‌كانی خۆیه‌وه.
ئامانج له‌و كاره‌یش بریتییه له فره‌وانكردنی كاریگه‌ری و هه‌ژموونی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌و ڕێكخراوه‌ی سه‌ر به ئێران له ته‌واوی ناوچه‌كانی لبنان و بوون به هێزێك كه له‌لایه‌ن ته‌واوی جه‌ماوه‌ری لبنانه‌وه پشتیوانی لێ بكرێ و به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌توانرێ ڕیشه‌ی ههڵبكهنرێ.
زۆرێك له توێژه‌ران و ناوه‌نده‌كانی ئابووری له دنیا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت له لبنان هه‌ره‌س ده‌هێنن، به‌هۆی زۆربوونی قه‌رزه‌كان و به‌رده‌وامی ته‌نگژه‌ی سیاسی و مه‌رجه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و ڕۆژئاوا بۆ كۆمه‌ككردنی ئه‌و وڵاته و بێكاری و هه‌ژاری و گرانی و نه‌بوونی سووته‌مه‌نی و خۆراك، ئه‌مانه هه‌مووی به‌ڵگه و ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ن كه چه‌مكی ده‌وڵه‌ت له‌و وڵاته هه‌ره‌س ده‌هێنێت و مه‌ترسیش هه‌یه كه شه‌ڕی ناوخۆی لێ بكه‌وێته‌وه.
به خۆراك و ده‌رمان ده‌یه‌وێ سۆزی لبنانییه‌كان بۆ خۆی كۆنتڕۆڵ بكات
تاران و سه‌رجه‌م ئه‌و گرووپانه‌ی دروستی كردوون له وڵاتانی ناوچه‌كه له‌سه‌ر ستراتیجێك كار ده‌كه‌ن، كه بریتیه له كۆمه‌ككردنی كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت و خاوه‌ن پێویستی، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یشدا هزر و وه‌لائیان لێ ده‌كڕنه‌وه و به ته‌واوی بۆخۆیان كێشی ده‌كه‌ن، ئه‌مه له زووه‌وه حزبوڵای لبنان ئه‌و سیاسه‌ته پێڕه‌و ده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاربووه، تا خه‌ڵكێكی زۆری له ده‌ور كۆ ببێته‌وه و له هه‌ڵبژاردنی پێشووی لبنان زۆرترین كورسی په‌رله‌مان بباته‌وه.
ڕۆیته‌رز ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته ڕوو، كه پێشتر كه‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ری لبنان به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه كه حزبوڵا ده‌یه‌وێ ببێته حكوومه‌ت له نێو حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت له نێو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر خاكی لبنان.
به‌وهۆیه‌وه ده‌یه‌وێ هه‌مان ئه‌زموونی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ له‌و وڵاته دووباره بكاته‌وه، كه له ماوه‌ی 1975 و 1990 سه‌ریهه‌ڵدا، كه لایه‌نه سیاسییه ڕكابه‌ره‌كان به‌هۆی دابه‌شكردنی خۆراك و كۆمه‌ككردنی خه‌ڵكی هه‌ژار سۆز و هه‌ست و وه‌لائی خه‌ڵكیان دهكڕییهوه و ده‌یانكردن به چه‌كدار و ده‌یانبردنه ڕیزی خۆیانه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئێسته‌یش به نهێنی حزبوڵا ده‌ستی به هه‌مان هه‌نگاو كردووه‌ته‌وه و خه‌ریكی تۆماركردنی ناوی هه‌ژار و بێكارانه و كارت و كۆبوونی دابه‌شكردنی خۆراك و ده‌رمانیان بۆ دروست ده‌كات، تا له به‌رانبه‌ردا ببن به قه‌لغان و خۆبه‌ختكه‌ر له پێناو ئامانج و سیاسه‌ته‌كانی حزبوڵا له لبنان و ناوچه‌كه.
حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری لبنان له ئاستێك نییه كه هاوكاری و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت ڕه‌ت بكاته‌وه، له‌یلی حاتووم ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری لبنان له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه دۆخی وڵاته‌كه‌مان زۆر قورسه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین هاوكاری هه‌ر گرووپ و لایه‌نێك ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه دڵنیایش بین له‌وه‌ی كه كۆمه‌ك و هاوكاریكردنه‌كه ئامانجێكی سیاسی و نهێنی و بهرژهوندیخوازانهی له پشته.
له‌گه‌ڵ هاتنی ڕه‌مه‌زان و خواستی خه‌ڵك بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی خۆراك له زۆرێك له ماركێته‌كان كێشه و گرفت دروست بوو، به‌هۆی گرانی نرخه‌وه و كه‌مده‌رامه‌تی خه‌ڵك، به‌وهۆیه‌وه كه‌سێك كوژرا و چه‌ندان كه‌سی تریش برینداربوون.
ئه‌م كاره دۆخی لبنان به‌ره‌و خراپتر ده‌بات و مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ زیاد ده‌كات
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یش له نێو حزبوڵاوه ده‌ڵێن، كه گرتنهباری ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حزبوڵا به دروستكردنی كۆبوونی وه‌رگرتنی خۆراك و ده‌رمان، تایبه‌ته به چه‌كداره‌كانی ئه‌و حزبه و ماڵباته‌كانیان و پێڕه‌وكارانی مه‌زه‌وی شیعه له لبنان، مه‌به‌ستیان نییه ته‌واوی ناوچه‌كانی تری لبنان بگرنه‌وه.
گه‌یاندنی خۆراك و ده‌رمان و كۆمه‌ك به سه‌دان هه‌زار ماڵبات له‌لایه‌ن حزبوڵاوه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی پێشتر ئه‌مه‌ریكا ئاراسته‌ی حزبوڵای ده‌كرد، به ته‌واوی ڕاستن، ئه‌وكاته‌ی واشنتن دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه حزبوڵا مانگانه سه‌دان ملیۆن دۆلاری له تارانه‌وه پێ ده‌گات، تا سیاسه‌ته‌كانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران له ناوچه‌كه قووڵ بكاته‌وه و پێڕه‌وكارانی بۆ فره‌وانتر و زۆرتر بكات.
له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپێشاندانه‌كانی لبنان له ئۆكتۆبه‌ری 2019 خه‌ڵكی لبنان زۆرترین و توندترین ناڕه‌زاییان له دژی حزبوڵا ده‌ربڕی و به پاشكۆی ئێران و دوژمنی لبنان ناویان ده‌برد، ئێسته ئه‌و حزبه ده‌یه‌وێ دووباره سۆزی خه‌ڵك به كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆیی له ڕێی خۆراك و ده‌رمان بكڕێته‌وه و تووڕه‌یی خه‌ڵك دابمركێنێته‌وه و به ته‌واوی كۆنتڕۆڵیان بكات و هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌می خۆی نه‌هێڵێته‌وه.