رائول كاسترۆ برای ڤیدڵ كاسترۆ بە یەكجاری وازی لە سكرتێری گشتی حزبی كۆمۆنسیتی كوبا هێنا و ئەو حزبە دوای 60 ساڵ بەبێ كاسترۆكان، درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.
رائول كاسترۆ تەمەنی 89 ساڵە و لە میانەی كردنەوەی هەشتەمین كۆنگرەی حزبەكە، ئەو زانیارییەی ئاشكرا كرد. حزبی كۆمۆنیستی كوبا، حزبی دەسەڵاتدار و تاكە حزبی وڵاتەكەیە.
رائول كاسترۆ لەگەڵ شۆڕشگێڕەكانی تر، لەوانەش جیڤارا بە رێبەرایەتیكردنی ڤیدڵ كاسترۆ لە ساڵی 1959، توانیان حكوومەتی فۆلخسنیۆ باتیستا بڕووخێنن. ڤیدڵ كاسترۆ و سوپای شۆڕشگێڕ لەو كاتەوە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست.
رائول كاسترۆ لە ساڵی 2006 و دوای نەخۆشكەوتنی براكەی، رێبەرایەتی حزبی كۆمۆنیستی لە ئەستۆ گرتووە، دوای دوو ساڵ بەفەرمی بووە سەرۆك كۆماری كوبا، لە ساڵی 2011 بووە سكرتێری گشتی حزبەكە.
رائول كاسترۆ لە كۆنگرەكەدا گوتوویەتی، بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ گەیاند و لە داهاتووی كوبا دڵنیایە، بەڵام نەیگوت بۆ رێبەرایەتیكردنی حزبی كۆمۆنیست پشتیوانی لە چ كەسێك دەكات.
پێشتر باسی لەوە كردبوو كە حەزی لێیە میگڵ دیاز بەو پۆستە بگات
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، ئەو پێشتر باسی لەوە كردبوو كە حەزی لێیە میگڵ دیاز بەو پۆستە بگات كە لە ساڵی 2018 بووە سەرۆك كۆماری كوبا.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاو كراونەتەوە، كاسترۆ لەگەڵ دیاز چوونەتە ناو هۆڵی كۆنگرەكەوە. كۆنگرەی حزبی كۆمۆنیستی كوبا بە گرنگترین كۆبوونەوەی حزبەكە هەژمار دەكرێت كە تێیدا رێبەرایەتییەكی نوێ دێتە هەڵبژاردن و هەر پێنج ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە.
رائول كاسترۆ درێژەی بە چاكسازییە ئابوورییەكان لە ناو كوبا دا و رێی دا تۆڕی تەلەفۆن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بكەوێتە دەستی كەرتی تایبەتەوە، هەرچەندە لە زۆر بواردا تووشی بەربەست بوو.