زێڕ بۆ بەرزترین نرخی لە ماوەی دوو مانگی رابردوو هەڵكشا

:: AM:11:43:17/04/2021 ‌
ماوەیەكە نرخی زێڕ دیسان رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە، تەنیا لە هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆرسە، 40 دۆلاری تر لە نرخی زێڕ هەڵكشا.

بەگوێرەی goldprice چەند سەعاتێك لەمەوبەر، كۆتایی بە هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە هات، نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ بە هەزار و 775 دۆلار داخرا كە بەرزترین نرخە لەوەتەی 25ی شوباتەوە تۆمار كرابێت.

وەبەرهێنەران لەو بازاڕە شێواوەی ئێستەی دنیا، هێشتا حەز دەكەن سەرمایەكانیان بە زێڕ پاشەكەوت بكەن


هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەبەرهێنەران لەو بازاڕە شێواوەی ئێستەی دنیا، هێشتا حەز دەكەن سەرمایەكانیان بە زێڕ پاشەكەوت بكەن و زۆری داخوازی بۆ كڕینی زێڕ بەردەام نرخەكەی بەرز دەكاتەوە.

هەر جۆرە كرانەوەیەكی بازاڕ و پەرەسەندنی كەرتە جیاوازەكانی ئابووری لە وڵاتان، هۆكارە لەوەی دۆخەكە پێچەوانە ببێتەوە، ئەمجارە وەبەرهێنەران زێڕەكانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی لە بواری تردا بەكاری بهێنن.

ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا سەری هەڵدا و دۆخی ئابووری دنیای بە تەواوی شێواند، زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمار كرد و هەر ئۆنسێكی دوو هەزار و 50 دۆلاری تێپەڕاند.

لە هەرێمی كوردستاندا ئێستە هەر مسقاڵێك زێڕی 24 عەیار بە 423 هەزار دینار، عەیار 21 بە 370 هەزار دینار و عەیار 18 بە 317 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

پێویستە بگوترێ داشكانی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بە رێژەی زیاتر 20%، هۆكارێكی ترە لەوەی لە هەرێمی كوردستان زێڕ بە دینارێكی زیاتر بفرۆشرێت.

نزمترین نرخی زێڕلەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆرسە، بۆ 25ی ئابی ساڵی 1999دەگەڕێتەوە


نزمترین نرخی زێڕلەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆرسە، بۆ 25ی ئابی ساڵی 1999دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە 252دۆلار دەفرۆشرا.


زیڕ یەكێكە لە كاڵا كاریگەرەكان لە ئابووری دنیادا و بازرگانان و وەبەرهێنەران لە كاتی تەنگانە و هەر جۆرە پشێوی و ئاڵۆزییەك روو لە كڕینی دەكەن.


لەوانەیە لە ماوەی 24سەعاتدا جۆرێك پارە هەموو بەهایەكی خۆی لەدست بدات و ئەوانی خاوەن جۆری پارەكەن بە تەواوی زیانیان بەركەوێت، بەڵام زێڕ بەم شێوەیە نییە و هەموو كات سامانێكی گرنگ وبەهادارە لای خاوەنەكەی.

بەگشتی 32%ی زێڕی دنیا لە دەستی حکوومەتەکان و بانکەکاندایە و 12%ی زێڕی جیهانیش لە بواری پیشەسازی سوودی لێ وەردەگیرێت.

چین و هند لە گرنگترین بازاڕەکانی زێڕن. لە هندستان ساڵانە 10 ملیۆن زەماوەند دەکرێت و لە هەر زەماوەندێکدا 30 تا 40 گرام زێڕ دەکڕدرێت.

نزیکەی 20%ی زێڕی حکوومی هەموو دنیا لە لەندەن هەڵکەوتووە.


هاوکات نزیکەی 20%ی زێڕی حکوومی هەموو دنیا لە لەندەن هەڵکەوتووە. بە گشتی شەش هەزار و 256 تۆن زێڕ لە کۆگاکانی بەریتانیایە و نرخەکەی 248 ملیار دۆلارە.

زێڕی 30 وڵاتی تری دنیا و کۆگای زێڕی 25 بانکی تر لەو کۆگایانەدا پارێزراوە. لەندەن ناوەندێکی گرینگە بۆ کڕین و فرۆشتنی زێڕ و بۆیەش ئەو بڕە زێڕە زۆرەی تێدا دەپارێزرێت جگەلەمە لەرووی تەناهییەوە پارێزراوە.

لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانی زێڕەکان بۆ کەنەدا گواسترانەوە


کۆگاکانی بانکی ناوەندیی بەریتانیا لە دەیەی 1930زاینی بنیات نران. لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانی زێڕەکان بۆ کەنەدا گواسترانەوە تا لە کاتی داگیرکردنی بەریتانیا سەرمایەی ئەو وڵاتە نەفەوتێت و نەکەوێتە دەستی دوژمنانەوە.

لە یەکێک لەو کۆگایانە بەمەبەستی هۆڵی چێشت خواردن سوود وەردەگیرا، دواتر لە ساڵی 1940 کۆگاکان کران بە پەناگە لە کاتی جەنگدا.

لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانییەوە لەو کۆگایانە بۆ مەبەستی پاراستنی زێڕ سود وەرگیراوە. کۆگاکان هاوشێوەی قاسەی پاشاکان بە چەند کلیلێکی گەورە دەکرێتەوە کە درێژیی هەر کامێکیان یەک مەتر دەبێت، جگەلەمە چوونە ژوورەوە لەو کۆگایە پێویستی بە کۆمەڵێک وشەی نهێنی و ناسینەوەی ئەلیکترۆنی هەیە. بۆ نموونە ئەو کەسەی دەچێتە ژوورەوە دەبێت کۆمپیوتەرێکی هەستیار دەنگەکەی بناسێت تا رێگەی چوونە ژوورەوەی پێبدات.



وشە - سلێمان تاشان