ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكیی: ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە 60%

:: AM:09:43:18/04/2021 ‌
ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشەی كرایە سەر وێستگەی ناوكیی نەتەنز، پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ رێژەی 60% بەرز كردووەتەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكیش ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی گوتوویەتی، لێكۆڵینەوەی شارەزایانی ناوكیی لە وێستگەی نەتەنز بەردەوامە بۆ ئەوەی بە وردی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەوان هەیانە، ئێران خەریكە لە رێژەی 60% نزیك دەكەوێتەوە و دواین رێژە كە لای ئەوان تۆمار كرابێت، 55.3%ە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئێران هێرشی هەفتەی رابردووی سەر نەتەنزی خستووەتە پاڵ ئیسرائیل، بەرزبوونەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لە كاتێكدایە گفتوگۆكان لە ڤیەننا درێژەیان هەیە، هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ئەمەریكا و ئێران بگەڕێنەوە ناو رێككەوتنەكە و سزاكانی سەر ئێرانیش نەمێنن.
بەپێی رێككەوتنی ناوكیی ساڵی 2015، ئێران بەڵێنی دابوو تەنیا بە رێژەی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت

بەپێی رێككەوتنی ناوكیی ساڵی 2015،  ئێران بەڵێنی دابوو تەنیا بە رێژەی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت. دوای چوونەدەرەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە، ئێران رێژەكەی بۆ 20% بەرز كردەوە و ئێستەش گەیاندوویەتە 60%.

بۆ ئەوەی ئێران بتوانێ بۆمبی ناوكیی بەرهەم بهێنێت، پێویستی بەوە هەیە پیتاندنەكە بۆ 90% بەرز بكاتەوە. ئیسرائیل چەندان جار بە ئاشكرا گوتوویەتی بە هیچ شێوەیەك رێ نادات ئێران دەستی بەو چەكە رابگات.



وشە - سلێمان تاشان