848 ملیۆن كەس لە دنیادا كوتراون

:: PM:01:29:18/04/2021 ‌
ئێستە لە دنیادا گەورەترین هەڵمەتی كوتان بەڕێوە دەچێت كە لە رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەویش كوتانە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ژمارەی ئەو كەسانەی كوتراون، خەریكە لە یەك ملیار نزیك دەبێتەوە و بەوپێیە یەك لەسەر هەشتی دانیشتووانی دنیا كوتراون.

ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستە كوتراون گەیشتووەتە 848 ملیۆن و لە 154 وڵاتی دنیا، هەڵمەتەكە دەستی پێ كردووە و رۆژانە بە تێكڕا 18 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی زەوی دەكوترێن.
وڵاتە هەژارەكان نەیانتوانیوە وەك پێویست هەڵمەتەكە دەست پێ بكەن

تاكە نیگەرانی ئەو هەڵمەتە ئەوەیە هیچ دادپەروەرییەك لە هەڵمەتەكەدا نییە، وڵاتانی دەوڵەمەند دەستیان كراوەیە لە كوتانی هاووڵاتییانیان و وڵاتە هەژارەكانیش نەیانتوانیوە وەك پێویست هەڵمەتەكە دەست پێ بكەن، چاوەڕێن لە داهاتوودا ئاوڕێكیان لێ بدرێتەوە.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانە، لە ئەمەریكا 198 ملیۆن كەس كوتراون و لە بەریتانیاش خەڵكێكی زۆر كوتراون. لەوەتەی كۆرۆنا سەری هەڵداوە 138 ملیۆن كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و سەرووی سێ ملیۆن كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە.

پێویستە بگوترێ لە هەرێمی كوردستانیش هەڵمەتی كوتان دەستی پێ كردووە، سێ جۆر پێكوتە بە وەزارەتی تەندروستی گەیشتووە كە لە جۆرەكانی سینۆفارمی چینی، ئاسترازینكای بەریتانی و فایزەری ئەڵمانی-ئەمەریكین.

پێویستە هەر كەسێك بە دوو ژەم بكوترێت، دانیشتووانی دنیا پێویستیان بە نزیكەی 16 ملیار ژەمی پێكوتە هەیە، چونكە ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی هەشت ملیار دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان