شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌مووی هه‌فته‌ی ڕابردوو، كه‌سێكی سه‌ر به ده‌زگه‌ی زانیاری له یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی شاری سلێمانی ته‌قه ده‌كات و كه‌سێكی تر ده‌كوژێ، ئێسته‌ش به ئازادی ده‌سووڕێته‌وه و پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی نا‌وێرن بیگرن و ته‌نانه‌ت ناویشی ناهێنن و خۆیان بێ ئاگا ده‌كه‌ن له‌و ڕووداوه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه به "وشه" دراون، كه‌سێكی سه‌ر به ده‌زگه‌ی زانیاری به‌ناوی "غه‌ریب محه‌مه‌د" ناسراو به "غه‌به ڕه‌ش"، شه‌وی هینی له‌سه‌ر شه‌موو له یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی سه‌رچناری سلێمانی به‌ناوی "یانه‌ی ته‌قسیم" به سه‌رخۆشی ته‌قه‌ی كردووه و كه‌سێكی به‌ناوی "هه‌رێم عه‌لی مه‌حموود" كوشتووه.
زانیارییه‌كانی "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی به وردی ئاگه‌داری ڕووداوه‌كه‌ن، به‌ڵام نا‌وێرن باسی ڕووداوه‌كه بكه‌ن و ناوی تاوانباره‌كه‌ش بهێنن، كه‌سیش ناتوانێ بیگرێت و ئێسته به ئازادی ده‌سووڕێته‌وه.
له‌وباره‌وه "وشه" پێوه‌ندی كرد به نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای سلیمانی و ناوبراو گوتی، له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو هیچ حاڵه‌تێكی ته‌قه‌كردن و كوشتن نه‌بووه، هه‌ر حاڵه‌تێكیش هه‌بێ، ئێمه لێی ئاگه‌دار ده‌كرێینه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی، ئاگه‌دار نین كه له شه‌وی 24 له‌سه‌ر 25 مانگی شوبات/فێبرایه‌ر هیچ كه‌سێك كوژرا بێ.
سلێمانی