"بەگەڕانەوەی پارتی كورد لە كەركووك بەهێز دەبێتەوە"

:: PM:02:26:19/04/2021 ‌
شێخ سدیق بەرپرسی محەلی كەركووكی حزبی شیوعیی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە بارودۆخی كەركووك دەكات و ڕای دەگەیەنێت، دۆخی كەركووك بەو شێوەیەی هەیە، ئێستە زۆر خراپە و ئەوەی ڕژێمی بەعس بە 30 ساڵ نەیتوانی بە كوردانی كەركووك بكات، ئێستە ڕاكان جبووری كردوویەتی. ئەو بەرپرسەی شیوعی لەم دیمانەیەدا باس لە گرنگی گەڕانەوەی پارتی دەكات بۆ كەركووك و ڕای دەگەیەنێت، بە گەڕانەوەی سەركردایەتی پارتی بۆ كەركووك، كورد لە شارەكە بەهێز دەبێتەوە.

بەشێوەیەكی گشتی دۆخی كورد لە كەركووك چۆنە و كورد لە چ ئاستێكدایە، ئەو پەراوێزخستنەی كورد لە دوای 16 ئۆكتۆبەر بەسەری هات بەردەوامە؟
كورد لە كەركووك هەست بەبوونی خۆی ناكات، ڕەنگە تۆ لە كەركووك بژیت و لە ماڵەكەی خۆت هیچ كێشەیەكت نەبێت، بەڵام راستییەكەی لەناو شارەكەدا هەست بەوە دەكەیت تۆ داگیركراوی و بوونی خۆت نابینی، حەشدی شەعبی و حەشدی توركمانی بە ئارەزووی خۆیان لە كەركووك زەوی داگیر دەكەن، خانوو بۆ خۆیان دروست دەكەن كە ئەوە دۆخێكی خراپە و دەتوانین بڵێین ئێستە كورد پەراوێز خراوە.

پشكی كورد لە دامەزراوە حكوومییەكان هاوشێوەی پێش 16ـی ئۆكتۆبەرە؟
هەموو حزبە سیاسییەكان دەزانن كە ئێستە لە دامەزراوەكانی كەركووك، 46%ـی پۆستە ئیدارییەكانی بەدەست عەرەبە، دۆخەكە لە بەرژەوەندی كورد نییە، ئەوان بە ئارەزووی خۆیان پۆستەكان دەگۆڕن، عەرەب چی بوێت ئەوە دەكات.

زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین ڕۆژانە پۆستێكی تر لە كورد سەنرایەوە، ئەوە چۆنە و ئەو ڕاستییە هەیە؟
پۆستی ئیداری دوو جۆرە، بەشی زۆری ئەو پۆستانەی دوای 16ـی ئۆكتۆبەر بە بەتاڵی مابوون، حكوومەتی عێراق بە عەرەب و توركمان پڕی كردنەوە، جۆرێكی تر لە وەرگرتنی پۆست لە كورد، ئەوەیە كاتێك كوردێك تەمەنی خانەنشینی دێت و پۆستی بەڕێوەبەرێكە، ئەو پۆستە نادرێتەوە كورد، بەڵكو ئەو پۆستە بە كەسێكی عەرەب یان توركمان پڕ دەكرێتەوە، ئەو جۆرە لێسەندنەوەی پۆست بەردەوامە، ئەگەر سەیری ژمارەی فەرمانبەریش لە دامەزراوەكان بكەیت، ئەوا دەبینین خەریكە هەموو دەبێتە عەرەب، ئەوە جگە لە كۆمپانیاكانی نەوت هەموو بووەتە عەرەب تەنیا چەند كەسێك نەبێت.

چەندان حزب هەن لە كەركووك جگە لە پارتی، ئێستە پێویستە چی بكەن تا بوونی خۆیان بسەلمێنن؟
دۆخەكە لەوە دەرچووە حزبی كوردی لە كەركووك چی بكات و چی دەكات، هەموو حزبەكان ئەگەر بوونیشمان هەبێت، ئێستە دۆخی كەركووك پێوەندی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، لەگەڵ ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا، دەتوانن چی بۆ كەركووك بكەن، چونكە حزبی كوردی لە كەركووك لەوەی هەیە زیاتر پێ ناكرێت، هەرچەندە هەمیشە پێوەندییەكی باشمان هەیە و لە زۆر بابەت هەڵوێستمان پێشان داوە.

بابەتێكی تر پاسەوانی بارەگا حزبییەكان باس دەكرا كە ئێستە دەستكراوەترن لە جاران، حزبەكان زیاتر دەتوانن كار بكەن؟
حزبە كوردییەكان لە كەركووك جگە لە هەندێك كار بۆ یەكێتی، ئەویش بە حوكمی ئەوەی نوێنەریان هەیە لە بەغدا، زیاتر لە شارەكەدا دەستڕۆیشتوون، پسوولەی چەك هەڵگرتنیان بۆ دەكەن، ئەگەرنا حزبەكانی تر بۆیان نییە زیاتر لە چوار چەكیان هەبێت، بۆیان نییە ئەو چەكانە بێننە دەرەوەی بارەگا حزبییەكان، بۆیە دۆخەكە هێندە پێوەندی بە فایلێكی گشتی هەیە باس بكرێت لەگەڵ بەغدا، هێندە پێوەندی بە دەسەڵاتی حزبەكان نییە.

باس لە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێ بۆ شارەكە، بە گەڕانەوەی پارتی گۆڕانكاری لە دۆخی كەركووك ڕوو دەدات؟
پارتی لەڕووی میدیایی و هێز و چەك و.. هتد، هێزێكی گەورەی هەیە و ئەگەر ئەو حزبە بە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بگەڕێتەوە، بێگومان كاریگەریی زۆرباشی دەبێت، لەڕووی دەروونیشەوە بۆ هاووڵاتییان زۆر كاریگەر دەبێت، دۆسیەی كورد لە كەركووك بەهێزتر دەكات و پۆستە ئیدارییەكانیش وەردەگرێتەوە، قایمقامی كەركووك بۆ پارتی دیاری كراوە، لە زۆر ڕووی ترەوە كورد لەو شارە دەچێتە قۆناغێكی تر.

زۆر ناوی ڕاكان جبووری دەهێنرێت، هەندێك جار بە خراپ و هەندێك جار بە باش، بۆچی؟
بۆ ڕاكان جبووری تەنیا هێندە دەڵێم ئەوەی سەدام حوسێن نەیتوانی لە ماوەی 30 ساڵ بیكات، ئەوا ڕاكان جبووری كردی، لە پۆستی ئیداری و زەوی داگیركردن و هێنانی عەرەب بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد، رۆڵی زۆری هەبووە، ئێستە لە تەعریبی ئەو شارە و بەردەوام دژی كورد ڕۆڵ دەگێڕێت، زۆر بە خراپی دژی كورد كار دەكات، تەنانەت لە دژایەتی فەرمانبەریش لە كەركووك ئەو ڕۆڵەی هەیە ئەگەر كورد بێت.



وشە - رامیار جەواد