شیانە گەورەکان ساڵانە وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ، لە ھاویندا دەچنه کیشوەرهكانی ئاسیا و ئەمەریکا، بەشداریی خولی دۆستانە دەکەن، دامەزرێنەری ئەم پاڵەوانیهتییە دۆستانە، پیاوێکی بازرگانی ئەمەریکیە بە ناوی "چارلی ستیلانۆ"، کە ساڵانە یانەکان بانگھێشت دەکات.
خولی سوپەری ئەوروپا چەند ساڵێکە قسەی لەبارەوە دەکرێت، بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە نەدەبینی، بەڵام ماوەی 5 ساڵە بە رژدی بابەتەکە لە جووڵەدایە.
ستیلانۆ لە ساڵی 2016 لەگەڵ یانەکان قسەی کرد و چەند رێگهیەکی بۆ گەڵاڵە کردن، تا پارەی زیاتر بەدەست بھێنن، سەرەتا لەگەڵ یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ قسەی کرد.
ئەم بیرۆکە وای کرد یانەکان بیر لەوە بکەنەوە خولێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، لە ساڵی 2018 رۆژنامەی دێرشپیگڵی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا، ئەم بیرۆکەیهی ئاشکرا کرد، کە ساڵی 2021 یانەکان بەشداریی خولێکی نوێ دەکەن و لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دووردەکەونەوە، ھەر ئەوکات رۆژنامەکە ئاشکرای کرد، خولەکە ھاوشێوەی خولی یانە پاڵەوانەکان دەبێت، یانەکان لە گرووپدا یاریی دەکەن و دواتر لە قۆناغەکانی داھاتوو پاڵەوانی خولەکە دیاریی دەکرێت.
ئەو پلانەی رۆژنامەکە باسی دەکات، شێوازی ئەم خولە لە بەرژوەندیی یانە زلھێزەکانە، خولەکە 16 تیپ دەبێت (ئێسته باسی 20 تیپ دهكرێت)، یوێفا ھیچ ڕۆڵێکی تێدا نابینێ.
12 یانەی دامەزرێنەری خولهكه بۆ ماوەی 20 ساڵ بەشداریکردنیان مسۆگەرە، ئەوانیش یانەکانی "بارسێلۆنا - ریال مەدرید – بایرن میونشن - پاریس سان جێرمان - مان یونایتد - مان سیتی – ئەی سی میلان - یوڤێنتوس - چێڵسی - لیڤەرپووڵ – ئارسناڵ".
ئەمانە یانە گەورە و مێژووییەکانی جیھانن، ھەر یەک لە یانەکانی "ئەتلێتیکۆ مەدرید - ئینتەرمیلان - مارسیلیا - دۆرتمۆند – رۆما" لە وهشانی یەکەم، وەک میوان بەشداریی دەکەن و ئەم پێنج یانە، ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
بە پێی بەڵگەنامەكانی ئەم رۆژنامەیه ھەردوو یانەی "بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان" ئەو کات لە نێو پلانی خولەکە بوون، بەڵام ئێسته شتەکان بە جۆرێکی ترە، ئێسته 12 یانە بە فەرمی ئامادەن، یانەکان ژمارەیان دەبێتە 20 یان 15 یانه، 5 یانە میوانن، دابەش دەکرێن بەسەر دوو گرووپی 10 تیپی، لەھەر گرووپێک 3 یانە راستەوخۆ دەگەنه قۆناغی داھاتوو، چوارەم و پێنجەمی گرووپەکان پێکەوە یاریی دەکەن، دووانیش لەوان دەگاتە قۆناغی داھاتوو.
ئەوەی مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە، ئەم خولە ببێتە ھۆی کۆتایھێنان بە خولی یانە پاڵەوانەکان، کە خولێکی گەورە و مێژوویی تۆپی پێیە، ھەروەھا کاریگەریی دەبێت لەسەر خولی ناوخۆیی وڵاتان، چونکە یانەکان پێشبڕکێ لەسەر ئەو بڕە پارە زۆرە دەکەن، کە لە خولی سوپەر دەستیان دەکەوێت، ئەو کات گرنگیی نادەن بە یارییەکانی خولی ناوخۆ.
بۆچی خولی ئەوروپا دروست دەکرێت؟
ئێسته بەرژەوەندی ماددیی یانە گەورەکان و پیاوانی خاوەنکار و سەرۆکی یانەکان لە سەروو ھەموو شتێکەوهیه، لەم خولەدا گرنگترین شتێک دەستکەوتنی پارەی مافی پەخشکردنی تهلهڤزیۆنیی یارییەکانە، کە ئەمە ھەمیشە لە تۆپی پێدا رەگەزێکی گرنگ بووە، یانە گەورەکان چەند ساڵە گلهیی ئەوە دەکەن دەستکەوتی چامپیۆنیس لیگ زۆر کەمە، بە تایبەت قۆناغی كۆمەڵەکان بینەری زۆر کەم بووەتەوە.
ئارسن ڤینگەری راهێنهری پێشووی ئارسیناڵ، لە ساڵی 2009 گوتی: لە 10 ساڵی داھاتوودا پاڵەوانیهتییەکی نوێ دروست دەبێت، چونکە یانە گەورەکان بەم پارە کەمە رازیی نابن لە خولی یانە پاڵەوانەکان دەستیان دەکەوێت، ئێسته 20 یانەی گەورە لە خولێکدابن، ھەموو پێکەوە یاریی بکەن، تا کۆتایی خولەکە 57 یاری ئەنجام دەدەن، بێگومان بینەرێکی زۆری دەبێت و مافی پەخشکردنی ئەم یارییانە داھاتێکی زۆری دەبێت، ههروهها یانەکان بە بەشداریكردن لە خولی سوپەری ئەوروپان دەبنە خاوەنی سەرمایە و داھاتێکی زۆر، بەجۆرێک باس لەوە دەکرێت تەنیا بوونیان لە خولەکەدا زیاتر له 400 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
كێ ئهم پارهیه دهدات؟
بانکی مۆرگانی ئهمریكی ئەرکی پارەدارکردن " تمویل" ی خولەکەی لە ئەستۆیە، ئەم بانکە ئێسته توانای دارایی و داھاتەکەی ٩٦ ملیار دۆلارە، تا ئێسته یوێفا و فیفا بە توندی دژی ئەم خولە وەستاون، ھەڕەشەی توند لەو یانانە دەکەن بەشدار دەبن. ئێسته دنیا بووەتە دووبەرە بۆ دژایەتیکردن و پاڵپشتیكردنی خولی سوپەری ئەوروپا، ھەندێک پێیان وایە ئەمە لێدانە لە جوانی وەرزشی تۆپێ پێ لە پێناو ھەندێ کەسی بەرژەوەندیخواز.
ئهلێكس فیرگسۆن، كه یەکێکه لە پیاوە کاریگەرەکانی جیھانی تۆپی پێ، دەڵێت "ئەمە ناپاكییه لە تۆپی پێ دەکرێت، ئهوانەی خاوەن بیرۆکە و پاڵپشتی ئەم خولە دەکەن، پیاوانی خاوەن کارن و لە پهنجهرهی زیاد بوونی پارەوه سەیری تۆپی پێ دەکەن، واتا کەسانی خاوەن بیرۆكهی تۆپی پێ نین و بیانەوێ ئەم وەرزشە گرنگ و جەماوەرییە جوانتر بکەن".
ئامادەکردنی - زەردەشت عوسمان