وەڵامێكی توندی ئاڵا ئەسەدی درایەوە.."خۆت هەڵدەخەڵەتێنی"

:: PM:08:34:19/04/2021 ‌
فەرماندەیەكی پێشووی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێ، ئەوانەی پێیان وایە 16ی ئۆتۆكتۆبەر دەستكەوت بووە، خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن.

ئاڵا تاڵەبانی كە بە ئاڵا ئەسەدی ناسراوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیمانەیەكی لەگەڵ یەكێك لە میدیاكانی میلیشیاكانی عێراق وەك شانازی باسی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات، هەروەها بە هەموو جۆرێك بۆ رازیكردنی دڵی میلیشیاكان پەلاماری كوردستان دەدات.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی نیسان، نووری حەمەعەلی فەرماندەی پێشووی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، 16ی ئۆكتۆبەر هەمووان دەزانن چ نەهامەتییەكی بۆ كوردستان و كەركووك هێنا، ئەوانەشی شانازی پێوەدەكەن خۆیان دەخەڵەتێنن.

روونیشی كردەوە كە 16ی ئۆكتۆبەر بووە هۆی ئەوەی میلیشیا شیعەكان و هێزە عێراقییەكان دەستدرێژی بكەنە سەر ماڵی برا كوردەكانمان لە خوورماتوو، ماڵ و حاڵیان داگیر بكەن.

لای خۆیەوە، جوان زەنگەنە سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای 16ی  ئۆكتۆبەرەوە كورد هیچ دەسەڵاتێكی لە كەركووك نەماوە، ئەو هێزەی لە بەغداوە هاتووە دەسەڵاتی هەموو شتێكیان هەیە.

لەكاتێكدا خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر كورددا هێنا، بەڵام ئێستە ئاڵا تاڵەبانی شانازی پێوە دەكات و دڵی عەرەبەكان رازی دەكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا





وشە - وشه‌