نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار كرد

:: AM:09:41:20/04/2021 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ سێشەم هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 67 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت، هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بۆ 64 دۆلار و 13 سەنت بەرز بووەتەوە. هەردوو جۆری نەوت بەراورد بە بەیانی دوێنێ دووشەم، دۆلار و نیوێك لە نرخیان بەرز بووەتەوە.

وەبەرهێنەران لە كاتی دابەزینی نرخی دۆلار، زیاتر حەز دەكەن روو لە كڕینی زێڕ یان نەوت بكەن


نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی دنیا دەگەڕێتەوە. وەبەرهێنەران لە كاتی دابەزینی نرخی دۆلار، زیاتر حەز دەكەن روو لە كڕینی زێڕ یان نەوت بكەن و لەو كاتەشدا نرخی ئەم كاڵایانە بەهۆی زۆری داخوازیی بەرز دەبێتەوە.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا نرخی نەوت 70 دۆلاریشی تێپەڕ كردبوو، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە و ئەو دابەزینەش تا پێنجی نیسان درێژەی كێشا، لەوانەیە نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە و بۆ هەمان ئاستی سەرەتای مانگی رابردوو بگەڕێتەوە.

هۆكارێكی تر پێوەندی بە هەنگاوەكان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی پیشەسازی دنیا هەیە كە بەهۆی كۆرۆنا كاریگەری زۆری وەرگرتبوو، ئێستە كە لە زۆربەی وڵاتان دەست بە كوتان دژی ڤایرۆسەكە كراوە، پێشبینی دەكرێ ئەمساڵ لە زۆربەی وڵاتان دۆخەكە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

هاوكات وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانیشی لەوەتەی نرخی نەوت دابەزیوە، هاوكاری یەكتریان كردووە تا بتوانن رێژەیەكی كەمتر لە نەوت بخەنە بازاڕەوە و یارمەتی پەرەسەندنی بەهای نەوت بدەن.


وشە - سلێمان تاشان