دەیان یەكەی نیشتەجێبوون لە شارەزوور تەواو بوون كەچی بەسەر كرێچییاندا دابەش ناكرێن

:: AM:11:50:20/04/2021 ‌
لە شارۆكەی شارەزوور كۆمەڵێك یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كرێنشینان و خەڵكی كەمدەرامەت دروست كراون، سەرەڕای ئەوەی كە چەندان ساڵە تەواو بوون، كەچی دابەش ناكرێن و بوونەتە شوێنی كۆكردنەوەی ئاژەڵ و ئیدارەی ناوچەكەش خەمێكی لێ ناخوات.

پڕۆژەكەی حكوومەت بۆ خەڵكی كرێچی و كەمدەرامەت، شەش باڵەخانە لە خۆ دەگرێت كە بە گشتی لە 72 یەكەی نیشتەجێبوون پێكدێن، شوێنی باڵەخانەكان دەكەوێتە سەرەتای شارۆكەكە لەسەر ڕێی سلێمانی- سەیدسادق و شوێنێكی نایاب و گرانبەهایە.

زیاتر لە 500 ملیۆن دیناری پێویستە بۆ ئەوەی وەك دۆخی سەرەتایی خۆی لێ بكرێتەوە


محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكە ئێستە وەستاوە و زیانێكی گەورەی پێ گەیشتووە، بە جۆرێك زیاتر لە 500 ملیۆن دیناری پێویستە بۆ ئەوەی وەك دۆخی سەرەتایی خۆی لێ بكرێتەوە. ئەو پێی وایە حكوومەتی هەرێمی كورستانیش لە دۆخێكی داراییدا نییە بە ئاسانی ئەو پارەیە تەرخان بكات.

 محەمەد مەحموود كە كرێچییەكی سنوورەكەیە بە "وشە"ی گوت، بەهۆی دەستوەردانی بەرپرسانی حزبی و كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداری ناوچەكەوە، یەكەكان دابەش ناكرێن و كرێنشینان و كەمدەرامەتان بە تاسەوە چاوەڕوانی دابەشكردنی یەكەكان و رزگاربوونیان لە كرێنشینی دەكەن.

 ئەو ئاماژەی دا، ئەگەر یەكەكان دابەش بكرێن، ململانێ و گرفتی گەورە دروست دەبێت لە نێوان حزب و بەرپرسان، هەر كەس هەوڵ دەدات بەشی خۆی ببات و ئەمەش ناكۆكی لێ دەكەوێتەوە، بۆیەش ئیدارەی ناوچەكە خۆی لەو یەكلاكردنەوەی چارەنووسی یەكەكان گێل كردووە، لەو نێوانەدا هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی و هیچ كەسێك ڕاستیی بابەتەكە بە خەڵك ناڵێت.

بەختیار محەمەد كە كرێچییەكی ترە بۆ "وشە" دەڵێت، چەندان جار وەك خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین، داوایان ئاراستەی ئیدارە و بەرپرسان كردووە كە هەستن بە دابەشكردن و ڕادەستكردنی یەكەكان بەسەر خەڵكەكەدا، تەنانەت ئامادەیی ئەوەشیان هەبووە لەسەر ئەركی خۆیان چەند خزمەتگوزارییەكی تر بگەیەنن، بەڵام بەرپرسان كەمتەرخەم بوون و وەڵامیان نەداونەتەوە.

بوونەتە شوێنی خۆڵ و خاشاك و تەوێڵەی ئاژەڵان


وەك زیاتر خستیەڕوو، ئێستە یەكەكان بوونەتە شوێنی خۆڵ و خاشاك و تەوێڵەی ئاژەڵان، تەواوی خەرجی خزمەتگوازارییەكانی حكوومەت  بەهەدەر دەڕوات و خەریكە خاپوور دەبێت. تەنانەت پاسەوانێكیشی بۆ دانەنراوە بۆ ئەوەی بپارێزرێت.

بۆ بەدواداچوونی ئەم كێشەیە، "وشە" چەندان جار پێوەندی بە قایمقامی شارۆكەی شارەزوور كرد، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵام بداتەوە.

شارەزوور/ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان