دوای راگه‌یاندنی پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی پێی "خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا"، هانده‌رانی یانه ئینگلیزییه‌كان به شێوازی جۆراجۆر خۆپێشاندانیان كرد و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جه‌ماوه‌ری ئارسیناڵ لافیته‌ی ناڕه‌زاییان له به‌رده‌م یاریگه‌ی یانه‌كه‌یان به‌رز كرده‌وه و نووسیبوویان "هیوادارین ئارسیناڵ بۆ ئێمه بگه‌ڕێته‌وه، تۆپی پێ هه‌ژاره‌كان دروستیان كرد و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دزییان".
هه‌روه‌ها هانده‌رانی مانچێسته‌ر یونایتد لافیته‌یه‌كی هاوشێوه‌یان له به‌رده‌م یاریگه‌ی ئۆلتڕافۆرد هه‌ڵواسی و له بڕیاری یانه‌كه‌یان تووڕه‌ن، كه چووه‌ته ریزی یانه‌كانی به‌شدار له سوپه‌ر لیگ.
له لای خۆیانه‌وه جه‌ماوه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له به‌رده‌م یاریگه‌ی لیدز یونایتد گرد بوونه‌وه، كه شه‌وی رابردوو به‌رامبه‌ر لیدز یونایتد یارییان هه‌بوو.
جه‌ماوه‌ری لیڤه‌رپوول ناڕازیبوونی خۆیان له بڕیاری یانه‌كه‌یان پێشان دا، كه رایگه‌یاندووه به‌شداریی خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا ده‌كات.
هه‌روه‌ها هه‌ندێك له هانده‌رانی لیڤه‌رپوول، درێسی یانه‌كه‌ی خۆیان سووتاند و هه‌وڵیان دا رێگریی له پاسی یانه‌كه‌یان بكه‌ن، له كاتی چوونی بۆ نێو یاریگه.
هاوكات یاریزانانی یانه‌ی لیدز یونایتد، شه‌وی رابردوو پێش یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول له پرێمه‌رلیگ، درێسێكی تایبه‌تیان پۆشی بوو، ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر راگه‌یاندنی خولی سوپه‌ر و هه‌ڵوێستی هه‌ندێ له یانه‌كانی ئینگلته‌را ده‌ربڕی.
یاریزانانی لیدز له‌سه‌ر درێسه‌كانیان نووسیبوویان "له نێو یاریگه بیبنه‌وه، تۆپی پێ بۆ جه‌ماوه‌ره".
12 یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا دامه‌زراندنی خولێكی نوێیان به ناوی "خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا" راگه‌یاندووه و شه‌ش یانه‌یان ئینگلیزیین، بابه‌ته‌كه ئاستێكی گه‌وره‌ی كاردانه‌وه و ناڕه‌زایی له ئاستی جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی و حكوومه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپا لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و هێشته دیار نییه داهاتووه‌كه‌ی چۆن ده‌بێت.