ئێسته عێراق رووی له هه‌ڵبژاردنه و ته‌نیا چه‌ند مانگێك ماوه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له 10ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو، رائید فه‌همی، سكرتێری حزبی شیوعی عێراق له دیمانه‌یه‌كی "وشه"، تیشك ده‌خاته سه‌ر دۆخی ئێسته‌ی عێراق و پێشبینییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌خاته روو، ئه‌و باسی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێریش ده‌كات.
*بڕیاره هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق به‌ڕێوه بچێت، وه‌ك حزب و بزاوه مه‌ده‌نی و چه‌په‌كان، چۆن به‌شداری ده‌كه‌ن؟
وه‌ك ئاراسته هێزه چه‌پ و مه‌ده‌نییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا پێیان بكرێت بچنه ناو هاوپهیانیهتییهكان، به‌ڵام پێ ده‌چێت چوونه ناو یه‌ك هاوپه‌یمانیه‌تی هه‌ڵبژاردن زه‌حمه‌ت بێت، به‌ڵكو به‌شداریكردنیان له‌سه‌ر شێوه‌ی چه‌ند هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ك ده‌بێت، ئه‌وه‌یش جێی داخه، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه وه‌ك كات و یاسای نوێ و حیساباتی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه له لیستێكه‌وه كۆ ببنه‌وه، به‌ڵام هه‌وڵ و ئاراسته‌یه‌كی راسته‌قینه هه‌یه ئه‌گه‌ر نه‌شتوانرێت له یه‌ك لیست بن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌ره‌و یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی به‌رده‌وامه، به مانای هه‌وڵێك هه‌یه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی هاوبه‌ش به مۆركێكی مه‌ده‌نی و دیموكراتی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادییه‌كان، بۆیه هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن به‌و ئاراسته‌یه.
زۆر شتی زیاد له پێویست ده‌خرێته ئه‌ستۆی كوردستان، وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كیه بۆ هه‌موو كێشه‌كان
هه‌رچی تشرینییه‌كانه، پێم وایه چه‌ند بۆچوونێك له‌ناو ئه‌واندا هه‌یه، له‌وانه به‌شداریكردن یان نه‌كردن له هه‌ڵبژاردن، به‌شێكیان ده‌یانه‌وێ به‌شداری بكه‌ن، یان ئه‌وان له‌سه‌ر شێوه‌ی حزب خۆیان رێك نه‌خستووه و ته‌نیا وه‌ك كۆمه‌ڵه ماونه‌ته‌وه و ره‌نگه راسته‌خۆ به‌شداری له پرۆسه‌كه نه‌كه‌ن، به‌ڵام پاڵپشتی هاوپه‌یمانیه‌تێكی دیاریكراو ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان حزبیان دروست كردووه، تا ئێسته دیار نییه ئه‌وان ده‌چنه ناو هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كتر یان ئه‌وانیتر، بۆیه دۆخی ئه‌وان نادیاره و ته‌واو روون نه‌بووه‌ته‌وه، به‌شێكیشیان پێیان وایه كه‌شێكی وا دروست نه‌بووه كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ببێته هۆی گۆڕانكاری.
*ئێسته كێبه‌ركێی ئاشكرا و نهێنی له‌ناو هه‌موو پێكهاته‌كان هه‌یه، به‌تایبه‌تی شیعه، له سایه‌ی ئه‌و ململانێیانه تا چه‌ند ئه‌گه‌ری دواخستنی پرۆسه‌كه یان گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌یه؟
ئه‌و ململانێیانه‌ی هه‌یه پێشتریش هه‌ر هه‌بووه و نوێ نین، پاشخانیان زانراون، له هه‌ر هه‌ڵبژاردن و وڵاتێك ناكۆكی له نێوان هێز و حزبه‌كانی به‌شدار دروست ده‌بێت، لێره ئه‌وه كێشه‌كه نییه، به‌ڵكو كێشه‌كه له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ململانێیانه‌یه له چوارچێوه‌یه‌كی ئاسایی و دیموكراسی و ئاشتیانه، به‌ڵێ ململانێكانی كار ده‌كه‌نه سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان، ئه‌وه چی تێدا نییه، راپه‌ڕینی تشرین وه‌رچه‌رخانێكی له پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق دروست كرد و پێش تشرین و دوای تشرین ناكرێ وه‌ك یه‌ك بێت و هه‌مان شێوازی سیاسی پێش ئه‌وه به‌رهه‌م بێته‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و بزاوه به‌رجه‌سته‌ی خواستی فره‌وانی جه‌ماوه‌ر بوو و ره‌تكردنه‌وه‌ی ره‌وتی پێشووی تێدا بوو و پێویسته گۆڕانكاری رووبدات و كه‌سیش جیاوازی له‌سه‌ر پێویستی گۆڕانكاری نییه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كێ گۆڕانكارییه‌كه بكات؟، به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌بێت و هه‌نگاوه‌كانی چین؟
*له ماوه‌ی دوایی له‌لایه‌ن شیعه‌وه هێرش كرایه سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی سوننه به‌هۆی قسه‌كانی له میسر، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی گیرا، ئه‌وانه پێوه‌ندیان له هه‌ڵبژاردن هه‌بوو؟
ناكرێ گه‌نده‌ڵی به لایه‌نێكی دیاریكراو ببه‌سترێته‌وه، ناشتوانین حوكم له‌سه‌ر بڕیاری دادگا بده‌ین و فه‌رمانی پێ ده‌رچووه، هه‌رچی ئه‌وه‌یه گه‌نده‌ڵییه‌كه به لایه‌نێك ببه‌سترێته‌وه و به‌وه‌ی رێوشوێنی به‌رانبه‌ر وه‌رگیراوه و ناسنامه‌یه‌كی پێكهاته‌یی پێ بدرێت، ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ لادانی تێبینییه‌كان له‌سه‌ر كڕۆكی بابه‌ته‌كه، له‌لایه‌كی تر داوا ده‌كه‌ین و پێویسته ئه‌و رێوشوێنانه‌ی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراوی گرتووه‌ته‌وه، ناكرێ ده‌وڵه‌ت رێوشوێنه‌كانی به پێكهاته‌یه‌ك ببه‌ستێته‌وه و پێویسته رێوشوێنه‌كان هه‌موو تێوه‌گلاوان بگرێته‌وه كه به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر هه‌یه، بۆیه له‌و بانگه‌شانه‌ی كه له‌و باره‌وه ده‌كرێت، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان له نێوان رێوشوێنه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناسنامه‌ی تایفه‌یی، هه‌ركاتێك رێوشوێن وه‌رده‌گیرێت، باسی تایفیه‌ت ده‌كه‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایفی وه‌رگیراوه، ئه‌وه‌یش نابێت، هه‌روه‌ها پێوه‌یسته ده‌وڵه‌تیش له رێوشوێنه‌كان جیاوازی نه‌كات.
هه‌رچی قسه‌كانی زافر عانییه له میسر دوو روویان هه‌یه، ئه‌وه‌ی گوتی له‌باره‌ی كه‌سانی ونكراو و راگواستن، ئه‌وانه ناتوانرێت نكووڵیان لێ بكرێت، ئه‌وه بابه‌ته پێوه‌سته به مافی مرۆڤه‌وه، به‌ڵام له لایه‌كی تر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ده‌گیرێت، ئه‌و ئه‌و قسانه‌ی له شوێنێكی فه‌رمی كردووه كه بابه‌ته‌كه دۆخی عێراق نه‌بووه، بۆیه ده‌توانین بڵێین شێوازه‌كه دروست نه‌بوو، واته جیاوازیی له نێوان ناوهڕۆك و شێوازی مامه‌ڵه‌كردندا هه‌بوو، هه‌رچی ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی تایفییه، له هه‌ردوولا قبووڵكراو نییه، ناكرێ ئێسته كه له هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بینه‌وه و بۆ هیچ لایه‌نێك نییه رێوشوێنه‌كانی وه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار بێنێت، له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌وڵ ده‌درێت هه‌ستی خه‌ڵك جۆش بدرێت، بۆیه له داهاتوودا هه‌وڵێك ده‌بێت بۆ گۆڕینی كه‌شی گشتی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێكه‌ی چه‌ند هێزێك كه پێشتر خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای ورووژاندنی ناكۆكییه تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بنیات نابوو.
*په‌یامه‌كان له‌پشت هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر چییه و ئاخۆ ئه‌و هێرشانه به‌رده‌وام ده‌بن؟
ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌ولێر و كوردستانیش ده‌كرێته گۆڕه‌پانی ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكا، واته دوور نییه له‌و بابه‌ته‌وه، كه چه‌ند په‌یامێكی ئالوگۆڕ پێكراوهیه له‌نێوان هه‌ردوو وڵات، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق قبووڵ نه‌كراوه، كه وڵات ببێته دیلی ده‌ستی ململانێكان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیسابات، مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه ره‌نگه چه‌ند بابه‌تێك بوورووژێندرێ و ره‌هه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڤینی هه‌بێت، له‌وكاته‌ی پێویستمان به تێپه‌ڕاندنی ئه‌وانه هه‌یه، زۆر شتی زیاد له پێویست ده‌خرێته ئه‌ستۆی كوردستان، وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كیه بۆ هه‌موو كێشه‌كان، ناڵێین كێشه له پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ له‌باری جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور نییه، به‌ڵام پێویسته ئه‌و ناكۆكی و كێشانه قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌ربگرن، ناكرێت وا وێنا بكرێت ئه‌و كێشانه‌ی له به‌سڕه هه‌یه به‌هۆی كوردستاوهیه، ئه‌وه راست نییه.
له‌لایه‌كی تر كه فره‌وانتره، پێوه‌سته به ده‌وڵه‌ت، حكوومه‌تێكی عێراقی هه‌یه و خاوه‌ن سیاسه‌تێكی دیاریكراوه، له‌وانه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان بۆ نه‌هێشتنی تیرۆر و بوونی سه‌ربازیان له عێراق، بۆیه روونه كه له رێگای ئه‌و هێرشانه‌وه ره‌وتێكی تر هه‌یه كه پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه و ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیریی پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی عێراق، چونكه وا ده‌رده‌كه‌وێ كه دوو سه‌روه‌ری له عێراق هه‌یه، بۆیه پێم وایه ئه‌وه كاردانه‌وه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌یی و بۆ سه‌ر پێگه‌ی عێراق و پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی پاڵپشتی ده‌كرێت، پێویسته به‌شێكیان له‌وانه‌ی گوتاریان له‌باره‌ی شكۆی ده‌وڵه‌ت هه‌یه كه ئه‌گه‌ر رژدن، نابێت به‌و كارانه رازی بن، به‌ڵێ بۆچوونی جیاواز هه‌یه، ئاساییه، په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه، به‌ڵام په‌نابردنه به‌ر چه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت قبووڵ نه‌كراوه، بۆیه ئه‌و هێرشانه قبووڵ نه‌كراون.