ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ و كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌ڵمانیا، سه‌نته‌رێكی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران و بردنیان بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر كرده‌وه و پێشوازی له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه مه‌رجه‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌یان تێدایه تا مامه‌ڵه بكه‌ن و به فه‌رمی بگه‌یه‌نرێنه ئه‌ڵمانیا.
ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌م 28ی شوبات/فێبرایه‌ر، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ و كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر، ڕێوڕه‌سمێكیان بۆ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری هاوكاریكردنی خێزان ساز كرد و تێیدا ئامانج و هۆكاری كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌یان راگەیاند و سه‌رپه‌رشتیارانی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ ئاماژه‌یان به‌وه دا، كه ئامانجی كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره بۆ به‌یه‌كگه‌یاندنەوەی ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانانه‌یه كه له یه‌كتر دابڕاون و ئێسته كه‌سه‌كانیان له ئه‌ڵمانیان و خۆیشیان لێره ماونه‌ته‌وه.
ڕوونیان كرده‌وه كه كاره‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی ئه‌و خێزانه سووری و په‌نابه‌رانه ده‌بێ كه به‌شێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له ئه‌ڵمانیان و ئه‌وانیش لێره‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌بێ، لێره مامه‌ڵه‌یان بۆ ده‌كرێ و ده‌برێنه ئه‌ڵمانیا تا به ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كانیان بگەنه‌وه و مافی مانه‌وه‌ش له‌و وڵاته وه‌ربگرن.
هێماشیان بۆ ئه‌وه كرد، كه ئه‌و سه‌نته‌ره ده‌رگه‌ی واڵا ده‌بێ و ئه‌وانه‌ی مه‌رجی ئه‌وه‌یان تێدایه و به‌شێكی خانه‌واده‌كه‌یان له ئه‌ڵمانیان و ئه‌وانی تریش به‌هۆی جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانه‌وه لێره ماون و له یه‌كتر دابڕاون، ئه‌وا ده‌توانن مامه‌ڵه بكه‌ن.
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ له ساڵی 2003ه‌وه له عێراق كار ده‌كات، به‌ڵام له ساڵی 2014 به دواوه ئاستی چالاكییه‌كانی به‌رزتر كردووه‌ته‌وه، له هه‌ر 18 پارێزگای عێراق هاوكاریی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییان و په‌نابه‌رانی كردووه، له رووی دابینكردنی شتومه‌كی ناخۆراكی، سووته‌مه‌نی، چاودێری پزیشكی، په‌ناگه، هۆكاری گواستنه‌وه بۆ سه‌لامه‌تی و ناردنی په‌نابه‌ران بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه، رێكخراوه‌كه 65 ساڵه دامه‌زراوه و به‌رده‌وامه له كاركردن.