پێشمەرگە و دژە تیرۆری كوردستان شارەدێی "بەتنایا"یان كۆنتڕۆڵ كردەوە

:: AM:10:15:20/10/2016 ‌

هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆری كوردستان گەیشتنە نێو شارەدێی بەتنایا و ئێستە بە تەواوی كۆنتڕۆڵی ئەو شارەدێیەیان كردووە.

شارەدێی بەتنایا دەكەوێتە 14 میل باكوری مووسڵ و چوار میلی باكوری شارۆكەی تلكێف، زۆرینەی دانیشتوانی كلدانی كاسولیكن و یەكێكە لە شارەدێكانی دەشتی نەینەوا و دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، تەواوی دانیشتووانی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لەوێ حەوێنراونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری تلسقۆف ئێستە گەیشتوونەتە سەنتەری شارەدێی بەتنایا و توانیویانە بە تەواوی كۆنتڕۆڵی بكەن و تیمی ئەندازەیی خەریكی پووچەڵكردنەوەی بۆمبی چێنراون.

تیرۆریستان بەرگەی هێرشی پێشمەرگە ناگرن و بەردەوامن لە ڕاكردن، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارەدێیەش هێزی پێشمەرگە نزیك دەبێتەوە لە كۆنتڕۆڵ كردنەوەی شارۆكەی تلكێف كە تەنیا 18 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە.

سەعات 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و باشیك دەستیان بە هێرش بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردووە.

تا ئێستە هێزی پێشمەرگە توانیویانە دوو گوند لە میحوەری ناوەران و 4 گوند لە میحوەری باشیك گەمارۆ بدەن و تەنیا سێ كیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری شارەدێی باشیك.

شارۆكەی تلكێف دەكەوێتە 18 كیلۆمتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحین و دواتریش كوردانی ئێزدی و عەرەبی سونە پێكهێنەری شارەكەن، بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی 35 هەزار كەس دەبێت.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و رووبەڕی 200 كیلۆمەتر دووجاش كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆدرا و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د