ئەمەریکا لە گواستنەوەی چەك و پێداویستی لۆجستیكی بۆ رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، كاروانێكی تری گەورەی چەك و پێداویستی سەربازیی لە عێراقەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان گواستووەتەوە.
لەگەڵ گواستنەوەی ئەم كاروانە گەورەیەی چەك و پێداویستی سەربازی، هەلیكۆپتەرەكانی ئەمەریكاش لە ئاسمانەوە هاوڕێیەتی كاروانەكەیان كردووە.
كاروانەكە بە دەروازەی تەنەفدا تێپەڕیوە و ئەمەش دووەم جارە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئەمەریكا كاروانی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات.
بەگوێرەی
سپوتنیك، پێشتر میدیاكانی سووریا ئاشكرایان كردبوو، ئەمەریكا 24 بارهەڵگری پڕ لە چەك و پێداویستی لۆجستیكی بۆ بنكەیەكی سەربازیی خۆی لە شەدادیە گواستووەتەوە.
ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان 11 بنكەی سەربازی هەیە
پێویستە بگوترێ ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان 11 بنكەی سەربازی هەیە و بنكەكانیش لە پارێزگاكانی حەسەكە، رەقە و دێرەزوور هەڵكەوتوون.
لەدوای بوونی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمەریكا، هەست دەكرێ ئەو وڵاتە گرنگیی زیاتر بە پێگەی هێزەكانی لە سووریا دەدات و یارمەتی زیاتری هاوپەیمانەكانی دەدات، ئەمەش توركیای زیاتر نیگەران كردووە.
ساڵی 2019 کاتێک ترەمپ پشتی لە هاوپەیمانەکەی کرد و رێی بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان دیموکراتەکان و تەنانەت بەشێکی کۆماریخوازەکان زۆرترین رەخنەیان لە سەرۆکی ئەمەریکا گرت و بایدن یەکێک لەو کەسانە بوو گوتی ناکرێ ئەمەریکا بەم شێوەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بجووڵێتەوە.