جامی لاوان یان کوشتنی خەونەکان؟

:: PM:12:45:24/04/2021 ‌

ئاراس رواندزی 

لاوان و ئاستەکانی خوارتری تەمەن کۆڵەكە و بناغەی داهاتوون، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بایەخ و گرنگییەکی زێدەیان پێدەدرێت و بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەرنامەی پەرەپێدانیان بۆ دادەڕێژرێت.

لە هەرێمی کوردستانیشدا کە مەبەستی باسەکەمە، زۆرینەی لاوان عاشق و شەیدای تۆپی پێن، ساڵانە لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێوە خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە، لێ بە پێی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی شارەزایانی بوارەکە، کردنەوەی خولەکان کەمترین پێوەری زانستی و سوودگەیاندنی تێدا بەدی دەکرێ، بگرە زیاتر وەک رۆتینێکی ساڵانە و شتێکی رووکەش دێتە دیتن! 

چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری دا لە بری خولی لاوان، "جامی لاوان" ئەنجام بدات، بە  بڕوای من بەر لەوەی شەن و کەوی شێوازی بەڕێوەچوون و جیاوازی خول و جام یا دەرهاوێشتەکانی ئەو بڕیارە بکەم، رای دەگەیەنم کە خودی بیرۆکەکە بە کارەسات و مەترسی بۆ ئاییندەی لاوان دەزانم، ئەگەرچی جام کرایە بڕیار، لێ هیوادارم نەچێتە بواری جێبەجێکردن.

چونکە شێوازی جام نەک نابێتە فاکتەرێک بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتوو، بگرە دەبێتە هۆکارێک بۆ لەباربردنی هیوای ئەو لاوانەی کە خەون بە درەوشانەوە و داهاتووێکی گەش دەبینن، ئاخر چۆن دەبێ بە دوو یاری، ساڵێکی یانە و یاریزان کۆتایی پێ بێنی، باشە بە 180 خولەک یاریزان چۆن بتوانێ بەهرەی خۆی پێشان بدات و پەرەی پێبدات؟! لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە زیاتر لە خولێکیان بۆ دەکرێتەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لاوان دەرفەتی زیاتریان هەبێ تا توانا و بەهرەکانیان پێشان بدەن، بەم هۆیەشەوە دەرفەتی دوورکەوتنەوەیان لە کایەکە ئێجگار کەم دەبێت، بە پێچەوانەی لای خۆمان کە بە هۆی بێ بەرنامەیی و بڕیاری نالۆژیکی و میزاجی کەسەکان، لاوان دوای ئەنجامدانی چەند یارییەک، تەواوی ماوەی ساڵ بە چوونە کافتیریا و کێشانی نێرگه‌لە و شتی لاوەکی بێ سوود بەسەر دەبەن، ئەم کارەش مەترسیەکی رژدە بۆ داهاتووی ئەو گەنجانەی، کە ماوەی چەند مانگێكه‌ خۆیان بۆ ئەو خولە ئامادە دەکەن، کەچی تۆ بە دوو یاری، پێی دەڵێی بگەڕێوە ماڵەوە و خەونی گەورە مەبینه‌! 

روونە، کە "خول و جام" دوو شتی زۆر جیاوازن، لە رووی رکابەری و ئاستیشدا خول سوود و تامووچێژی زیاترە، بە پێچەوانەوە جام هیچ یەکێک لەو ئامانجانە ئەرێنیانە ناپێکێت، کە دەبنە هۆکارێک بۆ پێشڤەچوونی تۆپی پێ، ئاساییە لە پاڵ خولدا، جامیش سازبکرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێ جام بکرێتە ئەلتەرناتیڤی خول، لێرەدا من لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆریم بۆ کایەکە، بە مافی خۆم دەزانم رەخنە لە یەکێتیی پەیوەندیدار بگرم، چونکە ناکرێ هەر کەسە و بە هەوەسی خۆی بڕیارێک بدات، ناشێ و نابێ لەگەڵ گۆڕینی هەر دەستەیەک هەموو شتەکان سەراوژێر ببن.

پێویستی دەزانم و پێشنیار دەکەم، لەمەودوا لە رێگەی دانانی میکانیزمێکی زانستیەوە بەرنامە بۆ سازکردنی خولەکانی ساڵ دابنرێت و بڕگە و خاڵەکانی بۆ تەواوی وەرز بچەسپێنرێت، نەک لە پڕێکدا خول بکەیتە جام و ژمارەی یانەکانیش بێ هیچ بنەمایەک زیاد بکەیت، ئەوە باسی هەڵبەز و دابەزی تیپەکانیش ناکەم، کە لەهەر چرکە ساتێکدا بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کەم و زیاد دەکرێ!


 



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا