شوان مەحموود: پارە بەناوی پێشمەرگەوە وەرگیراوە و پرۆژەكە نەكراوە

:: AM:10:24:20/10/2016 ‌

شوان مەحموود جێگری سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، رای دەگەیەنێت، لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی شێوەكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پێك هێناوە و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەی ئەو رێكخراوانەدا دەكەن كە سەرپێچییان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا كردووە، یان بازرگانییان لە پشت ئامانجی رێكخراوەوە كردووە.

دەركردنی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011ی رێكخراوە ناحكوومییەكان، چی لە بارودۆخی رێكخراوەیی لە كوردستاندا گۆڕی؟
دەركردنی یاسای رێكخراوە ناحكوومییەكان و پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، هەم لە رووی یاسایی و هەم لە رووی گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە بارودۆخی رێكخراوەیی لە كوردستاندا هێنایە كایەوە. پێشتر رێكخراوەكان بە مۆڵەت دادەمەزران، بەڵام چیتر مۆڵەت نەما و بۆ تۆماركردن گۆڕا، ئەوەش مسۆگەركردنی لایەنێكی مرۆیی بوو كە لەگەڵ ئازادییەكانی كاری رێكخراوەیی دێتەوە. لەوە گرنگتر مۆدێلی كاركردنی حكوومەتی لە بەرامبەر رێكخراوەكان گۆڕی كە لە دابینكردنی مینحەی مانگانەوە بۆ پارەداركردن لەسەر بنەمای پڕۆژە گۆڕا، ئەوەش لە پێناو ئەوەبوو جۆرێك لە هاوبەشی لە نێوان حكوومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵی دروست ببێت.

ئایا گۆڕینی مۆدێلی مامەڵەی حكوومەت لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی، بەتایبەت لە دابینكردنی پاڵپشتی دارایی، توانی دەرفەتی یەكسان لەبەردەم رێكخراوەكاندا بڕەخسێنێت؟
لەوەتەی دامەزراندنی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانەوە، حكوومەت تەنیا یەكجار بودجەی بۆ پاڵپشتی دارایی رێكخراوە مەدەنییەكان دابین كردووە. لەو چوارچێوەیەدا پاڵپشتی دارایی لە 423 پڕۆژەی رێكخراوەكان كراوە و لە روانگەی ئێمەوە دەرفەتی یەكسان بەرجەستە كراوەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئێمە وەك دەستەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان خۆمان ستراتیژیی دیاریكردنی مینحە و پێوەر و سێكتەری پڕۆژەكانماندەستنیشان نەكرد، بەڵكو بە راوێژ لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری رێكخراوەكانی لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی و كەركووك پاكێجی پڕۆژەكانمان نووسیوە، كاتێكیش هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكان كرا، دەستەیەكی نۆ كەسی پێكهات كە تەنیا چوار ئەندامیان لە فەرمانگەی رێكخراوەكان بوون و پێنج ئەندامی دەستەی هەڵسەنگاندن لە دەرەوەی فەرمانگە بوون و لەسەر بنەمای نوێنەرانی رێكخراوەكان لە شارەكاندا دیاری كرابوون.

دوای ئاشكراكردنی لیستی ئەو پڕۆژانەی پاڵپشتی دارایییان كرابوو، رەخنەی ئەوە گیرا كە گەندەڵی لە پڕۆژەكاندا هەبووە و داوا كرا دەستەی دەستپاكی بەدواداچوون بكات، ئەو پرۆسەیە بەكوێ‌ گەیشت؟
هەر كارێك لە كۆتادا رووبەڕووی رەخنە و قسەوباس دەبێتەوە، ئێمە پێمان وایە بە باشی كارمان كردووە، كەموكوڕیش هەر دەبێت بەتایبەت كە فەرمانگەكە تازە دەستبەكاربووە، بەڵام ئەوەی بچێتە خانەی گەندەڵییەوە، ئەوە تۆمەتێكی قورسە و بە ئاسانیش یەكلا نابێتەوە. ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی ئاراستە كران، تا ئێستە بەردەوامە و یەكلا نەبووەتەوە. دەبێت ئەوە روون بكرێتەوە كە ئێمە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە، داوامان كرد لیژنەیەك لە دەستەی دەستپاكی بێتە فەرمانگە و بەدواداچوون لەسەر كارەكانمان بكات، هەروەك داوامان لە پەرلەمان كرد بەدواداچوون بكات، كۆی ئەو بەڵگەنامانەی دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی داوایان كردووە خراونەتە بەردەستیان، چاوەڕوان دەكەین بەدواداچوونی خۆیان بكەن و تۆمەتەكان یەكلا بكەنەوە.

لەكۆی ئەو تۆمەتانەی پێوەست بە پاڵپشتی دارایی پڕۆژەی رێكخراوەكان ئاراستە كراون، ئاماژە بە كەیسی چەند رێكخراوێك دراوە كە پارەیان وەرگرتووە و پڕۆژەیان جێبەجێ‌ نەكراوە؟
كۆمەڵێك پێوەر بۆ پێدانی پاڵپشتی دارایی پڕۆژەكان دیاریكراون، دەبێت رێكخراوەكە لە فەرمانگە تۆمار كرابێت، پڕۆژەكەی لەگەڵ ئەو سێكتەرانەدا گونجاو بێت كە راگەیەنراون، پڕۆژەكەش بەو شێوەیە بنووسرێتەوە كە فەرمانگە داوای كردووە و كۆمەڵێك پێوەری تر. كۆی ئەو پڕۆژانەی پاڵپشتی دارایییان بۆ دەرچووە، لەسەر بنەمای پێوەرە كارپێكراوەكان بووە، كاتێكیش پڕۆژەكە تەواو بووە، وردبینی دارایی بۆ كراوە و هیچ پڕۆژەیەكیش نییە تەواو نەكرابێت و لەلایەن فەرمانگەوە داخرابێت.

بەپێی زانیارییەكانی من پڕۆژەیەكی پێوەست بە هێزەكانی پێشمەرگە، پاڵپشتی دارایی كراوە، لەكاتێكدا جێبەجێ‌ نەكراوە؟
پڕۆژەكە وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕی داعشەوە جێبەجێ‌ نەكراوە،فەرمانگەی رێكخراوەكان سكاڵای تۆمار كردووە ودۆسیەی ئەو رێكخراوە لە دادگەیە و چاوەڕوانی بڕیارین.

بەڵام رێكخراوەكە چۆن پارەی وەرگرتووە، ئایا پێش جێبەجێكردنی پڕۆژە پارە دەدرێت؟
ستراتیژیی پاڵپشتی دارایی رێكخراوەكان لە حەوت خاڵ چڕ كراوەتەوە و پڕۆژەكەش لەسەر ئەو بنەمایە پاڵپشتی كراوە، پێمان وا بووە پڕۆژەكە گرنگە، هۆكاری راگرتنیشی دروستبوونی شەڕی داعشە، بەڵام كە جێبەجێ‌ نەكراوە، لەسەر ئەو بنەمایە دۆسیەكە رەوانەی دادگە كراوە و وەك هەر لایەنێك كە پارەی دەوڵەتی لەلابێت، مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

دەگوترێت ژمارەیەك لە رێكخراوەكان لە پشت كاری رێكخراوەیییەوە بازرگانییان كردووە، بۆ نموونە كەلوپەلیان بەناوی رێكخراوی مەدەنی هێناوە تا لە باج و رسوومات ببەخشرێن، بەڵام لە بازاڕدا فرۆشتوویانەتەوە؟
یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی یاسای رێكخراوە ناحكوومییەكان، بەخشینی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییە لە باج و رسووماتی گومرگی، لەو روانگەیەوە كە كاری رێكخراوەیی مەدەنی لە سوودی گشتی دەشكێتەوە، لەبەرئەوە بە یاسا لە باج و رسووماتی گومرگی دەبەخشرێت. بۆ ئەو حاڵەتە نە دەتوانم بڵێم راستە و نەدەتوانم بڵێم راست نییە، بەڵام یەكێك لە ئەركەكانی فەرمانگەی رێكخراوەكان لەپاڵ تۆماركردنی رێكخراوەكاندا، بریتییە لە بەدواداچوونی كاری رێكخراوەكان، بەدواداچوون بەمانای ئەوە نییە ئێمە ببینە رەقیبێك بەسەر رێكخراوەكانەوە، بەڵكو بەدواداچوون لەرووی ئەو چوارچێوە یاسایییەی فەرمانگە كاری بۆ دەكات.

بەڵام لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان لیژنەی تایبەت بەدواداچوون دروست كراوە، ئەگەر ئەو حاڵەتە بوونی نییە، بۆچی ئەو لیژنەیە؟
بەڵێ‌، لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكاندا لیژنەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن پێك هێنراوە و من سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكەم. لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا دەست بە كارەكانمان دەكەین و لە سێ‌ ئاستدا بەدواداچوون دەكەین، ئاستی یەكەم ئەوەیە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی نموونەی رێكخراوەكان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی بزانین سەرقاڵی چین و چۆن كار دەكەن، ئاستی دووەم، بەدواداچوونە بۆ ئەو سكاڵایانەی بۆ فەرمانگە بەرز دەكرێنەوە و ئاستی سێیەمیش بەدواداچوونە بۆ هەموو ئەو دەنگۆیانەی پێوەست بە كاری رێكخراوەكانەوە هەیە، ئێمە ناتوانین لەسەر بنەمای دەنگۆ مامەڵە بكەین، بەڵام لەچوارچێوەی كاری خۆماندا بەدواداچوون دەكەین. لیژنەكەمان دروست كردووە و دوای دەستبەكاربوونمان روون دەبێتەوە ئایا رێكخراوێك لە دەرەوەی ئامانجەكانی یان پێڕەو و پڕۆگرامی خۆی كاری كردووە یان نا، ئەگەر دەركەوت رێكخراوێك لە دەرەوەی ئامانجەكانی كاری كردووە، رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە بەر.

دەتوانن چ رێوشوێنێك لەبەربگرن؟
بڕیاردان لەسەر رێكخراوەكان، بۆ نموونە بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوێك لە دەسەڵاتی فەرمانگە نییە، بەڵكو ئەو دەسەڵاتە بۆ دادگەكان دەگەڕێتەوە.

كەواتە ئێستە بارزگانی لە پشت ناوی رێكخراوەكانەوە كراوە یان نا؟
وەڵامدانەوەی پرسیارەكە زۆر قورسە، نامانەوێت بە گومانەوە تەماشای رێكخراوەكان بكەین، لیژنەیەك دروست كراوە و كاری خۆی دەكات، بازرگانی كراوە یان نا بۆ ئەنجامی لیژنەكە دەمێنێتەوە. 

ئایا لیژنەكەتان بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتووە؟
لیژنەكە تازە دروست كراوە، ئێستە خەریكی داڕشتنی ئەولەویاتی كارەكانیەتی، بەڵام لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا دەست بەكارەكانی دەكات.

بەڵام پێش پێكهێنانی ئەو لیژنەیە، بەشی یاسایی فەرمانگە هەندێك لەو دۆسیانەی وەرگرتووە كە وەك سكاڵا بەرز كراونەتەوە؟
بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو سكاڵایانەی هاتوون، لەلایەن بەشی یاسایی فەرمانگەوە كاریان بۆ كراوە، فەرمانگە لە پێوەندییە لەگەڵ دادگەكاندا، بەشێك لە دۆسیەكان یەكلا بوونەتەوە و بەشێكیان یەكلا نەكراونەتەوە و كاریان لەسەر دەكرێت.

ئەو كەیسانە زیاتر پێوەندییان بە چ لایەنێكەوە هەیە؟
كەیسەكان زیاتر پێوەستن بە كاركردن لە دۆسیەی ئاوارەكاندا.

وردەكارییەكان چین، ئایا بەناوی ئاوارەكانەوە كەلوپەلیان هێناوە و بازرگانیان پێوە كردووە یان حاڵەتی تر؟
نامەوێت بچمە ناو ئەو وردەكارییانەی كە فڵان رێكخراو و فیسار رێكخراو بەناوی ئاوارەكانەوە كەلوپەلیان هێناوە و بارزگانییان پێوە كردووە، سكاڵاكان لەو رووەوە هەن، دەبێت بابەتەكە بۆ كاتی خۆی جێبێڵین، با چاوەڕوانی كارەكانی لیژنەی بەدواداچوون بكەین، ئەوكات كە ئەنجامەكان دەركەوتن، بەدڵنیاییەوە هەر ئەوە نابێت كە لەناو فەرمانگەدا رێوشوێنی یاسایی لەبەربگیرێت، بەڵكو دەكرێت بۆ رای گشتیش قسە بكەین.

چەند لەو دۆسیانە یەكلا كراوەتەوە؟
نازانم، ئەوە كاری لایەنی یاسایییە، تا دەستبەكاربوونی لیژنەكە هێشتا زووە قسە بكەین، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كارێكی گەورەی مرۆیی دەكەن، ئەركێكی گەورەیان لەكۆڵ حكوومەت كردووەتەوە، رۆژانە لەناو كەمپی ئاوارەكاندا، لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و لە گەڕەكی شارەكاندا خزمەتگوزاری خۆیان پێشكەش دەكەن، هەموو ئەوانە دەستكەوتی گەورەی مەدەنین، دەبێت پێكهێنانی ئەو لیژنەیەش هەروا لێكدانەوەی بۆ بكرێت كە بەرزراگرتنی پێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییە نەك شتێكی تر.

لە دەرەوەی بەدواداچوون لەو تۆمەتانەی پێوەندییان بە لایەنی دارایییەوە هەیە، ئایا لیژنەكەتان بەدواداچوون لەسەر پابەندبوونی رێكخراوەكان بە پێڕەو و پرۆگرامی رێكخراو دەكات، بۆ نموونە بەدەگمەن رێكخراوەكان كۆنگرە دەبەستن؟
راستە كە ژمارەیەكی كەم لە رێكخراوەكان كۆنگرە دەبەستن، بەڵام هەموو رێكخراوێكیش لە پێڕەو پڕۆگرامەكەیدا خۆی پابەند بە بەستنی كۆنگرە نەكردووە، لەكاتێكدا ئەگەر رێكخراوێك لە پەیڕەوەكەیدا خۆی پابەندی كۆنگرە كردبێت، پێویستە كۆنگرە ببەستێت. پێش قسەكردن لەسەر كۆنگرە، كۆمەڵێك پێویستی تر هەیە كە دەبێت رێكخراوەكان لە دوای دامەزراندنییەوە كاری لەسەر بكەن، وەك پێكهێنانی دەستەی كارگێڕی، دروستكردنی مۆر و كڵێشەی فەرمی، هەبوونی ژمێرەی تایبەتی بانك، سەرباری دروستكردنی چوار دۆسیەی تایبەت كە هەر رێكخراوێك دەبێت هەیبێت.


وشە - ڕێبین فه‌تاح