مەترسییە گەورەكە لە سلێمانی ڕاگەیەنرا

:: AM:08:50:26/04/2021 ‌
پزیشكێكی شاری سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، كاربەدەستانی سلێمانی هەرچی پێویستە بەخێرایی بیكەن و هەموو شوێنێك دابخەن، خەڵێكی زۆر بە كۆرۆنا دەمرن.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی نیسان، دكتۆر زانیار ئاغال پسپۆڕی پزیشكی هەناو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، تەنیا ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی كۆماری سلێمانی، سەرووی 90 نەخۆشی كۆرۆنای لێیە.

ئەو پزیشكە لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو نەخۆشانە دەڵێت، لەو نەخۆشانە 10 تووشبوو پێویستیان بە ئامێری ئۆكسجینی پێشكەوتوو نییە، زیاد لە 80 نەخۆش پێویستیان بە  ئۆكسجینە بەردەوامە، ئەگەر پێنج خولەك لێی بكەیتەوە دەخنكێت.

فریا بكەون هەموو شوێنێك دابخەن و وەك شاری لەندەن بیكەن بە سێ بازنەوە
ئەو پزیشكە دەپرسێت، باشە ئەم خەڵكە ئاقڵ نەبوون؟ بۆیە زۆر گرنگە كاربەدەستان نەك هەر قوتابخانە، فریا بكەون هەموو شوێنێك دابخەن و وەك شاری لەندەن بیكەن بە سێ بازنەوە، بۆیە تكام وایە با بە هەموومان فریای شارەكەمان بكەوین.

هۆشداری ئەو پزیشكە لە كاتێكدایە ئێستە دۆخی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سلێمانی لە لووتكەدایە، ڕۆژانە زۆرترین تووشبووی هەیە، كەچی چەند سیاسییەكی ئەو شارە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، هانی خەڵكی دەدەن پابەندی ڕێنوێنییە پزیشكییەكان نەبن.



وشە - رامیار جەواد