بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرای كرد لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ، پشتیوانی لەو هێزە شیعییانە ناكەن كە هەوڵ دەدەن لە جەنگی مووسڵدا بەشداری بكەن و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ئەستۆی بەغدادایە.
پشتیوانی نەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە لایەن جەنەڕاڵ گێری ڤۆلسكی فەرماندەی هێزەكانی وشكایی هاوپەیمانان لە پرێس كۆنفرانسێكدا راگەیەنرا.
جێگەی باسە شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رایان گەیاند كە پشتیوانی لە سوپای عێراق دەكەن لە رزگاركردنی ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ و ئەمەش دووبارە ئەو نیگەرانییەی لێ كەوتەوە كە شەڕی تایفی لە ناوچەكە بێتە كایەوە.
پێشتر كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەبارەی بەشداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ هۆشدارییان دابوو.
حەشدی شەعبی گوتبووی پشتیوانی لە سوپای عێراق دەكەن كە بەرەو تەلەعفەر بەڕێوەن. تەلەعفەر كەوتووەتە ٥٥ كیلۆمەتری رۆژئاوای مووسڵ.
فەرماندەكە لە ئاماژەكردن بە رزگاركردنی تەلەعفەر خۆی بوارد و گوتی، "ئێمە ئێستە خەریكی رزگاركردنی مووسڵین."
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش رۆژی سێشەم میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەوە تۆمەتبار كرد كە تاوانی جەنگیان كردووە و دەیانەوێت تۆڵە لە سونەكان بكەنەوە.
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی رزگاركردنی تكریت، كۆمەڵێك تاوانی گەورەیان دژی سونەكان كرد كە لە میدیاكانی دنیا دەنگی دایەوە و زۆرێك لە رێكخراو و وڵاتانی رۆژئاوا داوایان كرد، حكوومەتی عێراق میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوور بخاتەوە و رێگری لە روودانی جەنگی تایفی بكات.
ئەو میلیشیایانە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و تەنانەت بەشێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران لە ریزی حەشدی شەعبیدان و بە حەزی خۆیان جووڵە بەو هێزە دەكەن.
سەرچاوە/العربیە