د. عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پاریس له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا، به وردی تیشك ده‌خاته سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی پاریس و هه‌ولێر و هه‌ڵوێستی فڕه‌نسا له ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و مێژووی پێوه‌ندییه‌كان و هاوكارییه‌كانی فڕه‌نسا و پێوه‌ندی سیاسی و ئابووری و كولتووری و فه‌رهه‌نگی و داهاتووی پێوه‌ندییه‌كان و تێڕوانینی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی فڕه‌نسا له‌باره‌ی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه ده‌خاته ڕوو.
* پێوه‌ندییه‌كانی ئێسته‌ی كوردستان و فڕه‌نسا چۆنه؟
ئێسته پێوه‌ندییه‌كانی فڕه‌نسا و هه‌رێمی كوردستان له به‌رزترین ئاستی خۆیدایه، له رووی دیپلۆماسی و ئابووریی و كولتووری و ڕۆشنبیرییه‌وه، یه‌كه‌م وڵات له ئه‌وروپا فڕه‌نسا بوو كه له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستان هاوكاری كوردستانی كرد و وه‌زیری ده‌ره‌وه سه‌ردانی كوردستانی كردووه، تیرۆریستانی داعش چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له هه‌ولێر دوور بوون، تا ئێسته‌ش شه‌ش جار له كۆشكی ئیلێزی سه‌رۆكی فڕه‌نسا پێشوازی له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه و دوو جاریش فڕانسوا هۆلاند سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه پێوه‌ندییه‌كان له به‌رزترین ئاستدان.
* له دوا كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و هۆلاند باسی سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆم له كوردستان كرا؟
كۆبوونه‌وه‌ی سێشه‌می ڕابردوو زۆر گرنگ بوو، شه‌ڕی داعش و ئازادكردنی مووسڵ و له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی داعش له عێراق و سووریا و دۆخی ناوچه‌كه به گشتی له دوای نه‌مانی داعش تاوتوێ كرا، تیشك خرایه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دوای داعش ئه‌و ناوچانه چۆن به‌ڕێوه ده‌برێن، هاتنی داعش بۆ عێراق سه‌لماندی كه ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێسته له عێراق هه‌یه شكستخواردووه، بۆیه ده‌بێ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تر بدۆزرێته‌وه تا ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه جێگیر ببێ، بۆ ئه‌مه‌ش باس له‌وه كرا كه چۆن ده‌توانرێ سیسته‌مێكی له‌و شێوه‌یه بهێنرێته دی، تا ئاسایشی ئه‌و ناوچانه گره‌نتی بكرێ. سه‌ربه‌خۆییش مافێكی ڕه‌وای كوردستانه، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و مافه‌ی خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌وا فڕه‌نسا ڕێز له ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان ده‌گرێ و هه‌میشه‌ش ڕێزی له ویستی گه‌لی كوردستان گرتووه، فڕه‌نسا له كاتی ته‌نگانه به‌هانای گه‌لی كوردستانه‌وه هاتووه و دیارترین نموونه‌ش به‌هاناوه‌هاتنی گه‌لی كوردستان بوو له ساڵی 1991 و ده‌ركردنی بڕیاری 688 له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ركرا و بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له هێرشی سه‌دام بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان بكات، بۆیه ئه‌وان ڕێز له ئیراده‌ی ئێمه ده‌گرن و سه‌ربه‌خۆییش مافێكی سروشتی ئێمه‌یه و ئه‌م مافه‌ش پێوه‌ندی به‌خۆمان هه‌یه.
* ئه‌گه‌ر سبه‌ی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت، فڕه‌نسا پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات؟
بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كه‌م جار ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌وین، دواتر له ڕێی دیپلۆماسییه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ئینجا وڵاتانی تری دنیا، هه‌ركاتێك ئێمه وه‌ك كوردستان بتوانین سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نین، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه فڕه‌نسا ڕێزێكی تایبه‌تی بۆ گه‌لی كوردستان هه‌یه و به دۆستی خۆی ده‌زانێ و هیچ كاتێك دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان ڕاناوه‌ستێت.
* سه‌ره‌تای پێوه‌ندییه‌كانی فڕه‌نسا و كوردستان بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
پێوه‌ندییه‌كانی فڕه‌نسا و گه‌لی كوردستان زۆر دێرینه و بۆ ساڵی شه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وكاته‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له ساته‌وه‌ختی شۆڕشی ئه‌یلوول نامه‌یه‌كی بۆ ژه‌نه‌ڕال دیگۆل ده‌نێرێ و داوای لێ ده‌كات فڕه‌نسا فڕۆكه‌ی جه‌نگی به عێراق نه‌فرۆشێ، چونكه به‌و فڕۆكانه گه‌لی كوردستان له‌ناو ده‌برێت، دوای نامه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، شارڵ دیگۆل سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فڕه‌نسا گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵوه‌شانده‌وه و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی فڕه‌نسای به حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراق نه‌فرۆشت.
* له ڕووی سیاسییه‌وه ده‌بینرێ پێوه‌ندی پاریس و هه‌ولێر زۆر باشن، له ڕووی ئابوورییه‌وه ئه‌مه چۆنه؟ له ته‌نگژه‌ی دارایی پاریس هاوكاری كوردستانی كردووه؟
ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه‌ی له كوردستاندا هه‌یه، ته‌نگژه‌یه‌كی كاتییه و حكوومه‌تی فڕه‌نسا به‌پێی پێویستی هاوكاری كوردستانی له‌و ڕووه‌وه كردووه و ئێسته‌ش چه‌ندان رێكخراوی حكوومی و ناحكوومی فڕه‌نسی هاوكاری ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، هاوكات حكوومه‌تی فڕه‌نساش خۆی چه‌ند كه‌مپێك له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌بات، هه‌روه‌ها چه‌ندان كۆمپانیای فڕه‌نساییش له كوردستاندا كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه‌ی كه ئێسته له كوردستان هه‌یه كاتییه و ناوخۆیییه، هه‌رێمی كوردستان لێی ڕزگار ده‌بێ و فڕه‌نساش هه‌میشه هاوكار بووه و هاوكاریش ده‌بێت. چه‌ندان كۆمپانیای زلهێزی فڕه‌نسیش له كوردستانن، وه‌ك كۆمپانیای لافارشی چیمه‌نتۆ و كۆمپانیای تۆتاڵی نه‌وت، كۆمپانیای فڕانس تیلیكۆم له بواری ته‌كنه‌لۆجیا و پێوه‌ندییه‌كان، سه‌نته‌ری بازرگانی كارفوور و چه‌ندان كۆمپانیای تر، له كونسوڵخانه‌ی فڕه‌نساش به‌رپرسێكی بۆ به‌شی ئابووری دانراوه و هانی كۆمپانیا فڕه‌نسییه‌كان ده‌ده‌ن له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
* وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌ت له ڕووی كولتووری و خوێندن و فه‌رهه‌نگییه‌وه، چیتان كردووه بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی كوردستان و فڕه‌نسا؟
له‌م ڕووه‌وه‌ش پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و پاریس زۆر باشن و چه‌ندان قوتابیی كوردستان له زانكۆكانی فڕه‌نسا درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ند قوتابییه‌كی فڕه‌نساش له كوردستان ده‌خوێنن، هاوكات سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری فڕه‌نسی له هه‌ولێر هه‌یه كه چه‌ندان سیمینار و خول و چالاكی ئه‌نجام ده‌دات، چه‌ندان شاندی كولتووریش له فڕه‌نساوه هاتوونه‌ته كوردستان و له ڕووی شوێنه‌واریش شوێنه‌وارناسانی فڕه‌نسا له نێو قه‌ڵای هه‌ولێر باره‌گایان هه‌یه و لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هاوكات له ڕووی كشتوكاڵه‌وه‌ش ئێسته خانووی كشتوكاڵی فڕه‌نسی له هه‌ولێر هه‌یه و له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌یش پێشڤه‌چوون له نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه. ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی چه‌ندان شاندی كولتووریمان له كوردستان هێناوه‌ته فڕه‌نسا و ساڵانه‌ش له باره‌گای شاره‌وانیی پاریس ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌كه‌ینه‌وه، جگه‌له‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی كامپوس هامفی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فڕه‌نسا، لێك تێگه‌یشتنمان هه‌یه و ساڵانه قوتابییانی كوردستان بۆ خوێندن ده‌هێنرێنه فڕه‌نسا و تا ئێسته‌ش 240 قوتابیی كوردستان له فڕه‌نسا خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ده‌خوێنن، به به‌رده‌وامیش قوتابییانی كوردستان بۆ خوێندن ڕوو له فڕه‌نسا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو له 14/3 شاندێكی فڕه‌نسا دێنه هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری بۆ ئه‌و قوتابییانه‌ش بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان له فڕه‌نسا بخوێنن، بۆیه به‌گشتی پێوه‌ندییه‌كان زۆر به‌هێزن، به‌ڵام میدیاكان كه‌مته‌رخه‌من و باس له‌و پێشووه‌چوون و پێوه‌ندییه به‌هێزه‌ی هه‌ردوولا ناكه‌ن. هه‌روه‌ها خوێندن له زانكۆكانی فڕه‌نسا به خۆڕایییه و ته‌نیا خه‌رجی قوتابی ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر ببێته كێشه بۆ قوتابییانی تواناسازی، ده‌نا هیچ كێشه‌یه‌كی تریان نییه، له‌مه‌شدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌سه‌ر هێڵین تا پاره‌ی قوتابییانی تواناسازی بدرێ.
* به داتا و ژماره هاوكارییه‌كانی فڕه‌نسا بۆ كوردستان و پێشمه‌رگه چی بوون كه گه‌یشتوونه‌ته كوردستان؟
سێ ڕۆژ دوای هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كانی كوردستان، لۆران فابیۆس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فڕه‌نسا به كۆمه‌ڵێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه گه‌یشته هه‌ولێر و له‌و كاته‌وه‌ش تا ئێسته به‌رده‌وام فڕه‌نسا له ڕووی سه‌ربازی و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه به‌گوێره‌ی پێویستییه‌كان، هاوكاری پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات، به‌رده‌وامیش ده‌بێ له هاوكاری كردنی كوردستان.
* له دیداری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی فڕه‌نسا، هۆلاند دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ئاسایشی كوردستان بۆ ئه‌وان گرنگه، ئه‌مه مانای وایه فڕه‌نسا چه‌ك و هاوكاری زیاتری سه‌ربازی پێشكه‌شی پێشمه‌رگه و كوردستان ده‌كات؟
بۆ فڕه‌نسا و وڵاتانی ئه‌وروپاش ئاسایشی كوردستان گرنگه، چونكه ئارامی و ئاسایشی كوردستان و ناوچه‌كه پێوه‌سته به ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی ئه‌وروپاوه، دوای دروستبوونی داعش چه‌ندان كرده‌ی تیرۆر و ته‌قینه‌وه له ئه‌وروپا و فڕه‌نسا ڕووی داوه، بۆیه ئه‌وان به چه‌سپاندنی ئارامی كوردستان و ئه‌و ناوچانه سوود به ئاسایشی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌تایبه‌ت ئاسایشی كوردستان بۆ وڵاتان گرنگه، چونكه كوردستان تاكه ناوچه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه باشترین دۆخی ئارامی و ئاسایشی تێدا به‌رقه‌راره و هه‌موو ئاینزا و پێكهاته‌كان به ئارامی تێیدا ده‌ژین. هاوكات ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه تاكه سه‌ركرده‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز بپارێزی و كێشه‌كان به ئاشتی و دایه‌لۆگ چاره‌سه‌ر بكات و ته‌واوی پێكهاته‌كان به‌یه‌كه‌وه بێ كێشه بژین، له ڕێی سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه، بۆیه به‌رده‌وام وڵاتان به‌گشتی و فڕه‌نسا به تایبه‌تی داوه‌تنامه بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرن.
* سه‌رۆك هۆلاند خه‌ریكه كۆشكی ئه‌لیزێ به‌جێ دێڵێت و له مانگی نیسانی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له فڕه‌نسا ده‌كرێ، كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تیی فڕه‌نسا هه‌ریه‌كێكیان پێوه‌ندی و بۆچوونیان له‌سه‌ر كورد چۆنه؟
هه‌موو ئه‌و كاندیدانه‌ی ئێسته له گۆڕه‌پانه‌كه‌دان و خۆیان بۆ سه‌رۆكی داهاتووی فڕه‌نسا هه‌ڵده‌بژێرن، پێوه‌ندییه‌كی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه، هه‌مووانیش له گوتاره‌كانیاندا باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پێویسته یارمه‌تی زیاتری گه‌لی كوردستان بدرێ و شه‌ڕی تیرۆریستان بكرێ، له‌م ڕووه‌وه هیچ جیاوازییه‌ك له به‌رنامه‌ی كاندیده‌كان بوونی نییه، بۆیه دوای نه‌مانی فڕانسوا هۆلاندیش له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی فڕه‌نسا، له‌و بڕوایه‌دام پێوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و باشتر ده‌چن. ئێمه‌ش پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كاندیدانه هه‌یه و ئه‌وان به‌رده‌وام زۆر به‌باشی ناوی پێشمه‌رگه ده‌هێنن، به گشتی هه‌ریه‌ك له كاندیده‌كان تێڕوانینی زۆرباشیان به‌رامبه‌ر به كوردستان هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هاوكاری زیاتری پێشمه‌رگه بكرێ و گه‌لی كوردستانیش به گه‌لێكی ئاشتیخواز ناو ده‌هێنن.
* پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و فڕه‌نسا فه‌رمین به نووسراو یاخۆ هه‌ر تایبه‌ت به تێگه‌یشتنی هۆلاند بۆ كورد، ئایا سه‌رۆكی داهاتوو هه‌مان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌بێ؟ یان ئه‌مه روون نییه؟.
پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و فڕه‌نسا به ته‌واوی فه‌رمین و له 15/6/2010 یاداشتنامه‌یه‌ك له نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و بێرنارد كۆشنه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی فڕه‌نسا واژوو كراوه، بۆیه له هه‌موو كات و سه‌رده‌می هه‌موو حكوومه‌تێك ئه‌و پێوه‌ندییانه فه‌رمی بوون و فه‌رمیش ده‌مێننه‌وه، سه‌رۆك هۆلاندیش خۆی گوتی، دۆسیه‌ی پێوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و فڕه‌نسا به ئه‌مانه‌ته‌وه ڕاده‌ستی سه‌رۆكی داهاتوو ده‌كه‌م، خۆیشی دواتر ده‌بێته ئه‌ندام له كۆمیسیۆنی ده‌وڵه‌تی فڕه‌نسا و ڕاوێژی پێ ده‌كرێ، جگه‌له‌وه كونسوڵخانه‌ی گشتیی فڕه‌نسا له هه‌ولێر هه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی له پاریس هه‌یه، ئه‌مانه ده‌رخه‌ری ئه‌وان كه پێوه‌ندییه‌كان زۆر فه‌رمین له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا.