سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام له كه‌ركووك رای گه‌یاند، له سه‌ره‌تای مانگی چوار (نیسان)ه‌وه خولێكمان بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی مهقامدۆست كرده‌وه و تا ئێسته‌یش خوله‌كه به‌رده‌وامه، تێیدا 10 قوتابی و چوار مامۆستای فێركار به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند نووره‌دین جاف سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام له كه‌ركووك، ئه‌مڕۆ سێشه‌م به "وشه"ی راگه‌یاند، ناوهندكهمان له كاتی دامه‌زراندیه‌وه تا ئێسته له چالاكی نه‌كه‌وتووه، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی خولی فێركردنی مه‌قام بۆ گه‌نجه‌كانی پارێزگاكه، بۆیه چه‌ندان خولمان له‌وباره‌یه‌وه كردووه‌ته‌وه.
هونه‌رمه‌ند نووره‌دین جاف كه خۆی له‌لایه‌ك موزیكزان و له‌لایه‌كی تریشه‌وه پسپۆڕی بواره مه‌قامه كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانه، زیاتر گوتی، به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه خولێكی ترمان كردووه‌ته‌وه، خوله‌كه له یه‌كی نیسانه‌وه به به‌شداریی 10 فێرخواز و چوار مامۆستای فێركار ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام چونكه خوله‌كانمان ماوه‌ی دوو مانگ ده‌خایه‌نێت، بۆیه له دوای ره‌مه‌زانیش به‌رده‌وام ده‌بێ تا كۆتایی مانگی ئایار.
له‌باره‌ی ئه‌و مه‌قامانه‌ی له‌و خوله‌كه‌دا به فێرخوازان ده‌گوترێنه‌وه، جاف گوتی تا ئێسته مه‌قامه‌كانی "راست، به‌یات، نه‌هاوه‌ند و حیجاز"مان فێر كردوون، دواتر دێینه سه‌ر مه‌قامه‌كانی تریش، ئێمه فێری شێوازی گوتنی مهقامهكانیان ده‌كه‌ین، له دوای خوله‌كه‌یش ده‌بێ فێرخواز خۆی په‌ره‌ی زیاتر به ده‌نگی خۆی و مهقامهكانیش بدات، بێگومان ئێمه‌یش له خزمه‌تیاندا ده‌بین.
له‌باره‌ی مامۆستایانی فێركاریش گوتی، ئه‌وانه‌ی وه‌ك مامۆستا فێرخوازان فێر ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندان عومه‌ری حهمهدرێژ و ئه‌حمه‌د نه‌جیبن، موزیكژه‌ن سیروان عومه‌ریش هاوشانیان ده‌بێت، منیش له‌ڕووی تیۆرییه‌وه مهقامهكانیان بۆ شی ده‌كه‌مه‌وه.
دواتریش نووره‌دین جاف گوتی ئێسته جیا له‌و خوله، خه‌ریكی تۆماركردنی گۆرانییه‌كی مامۆستا عه‌لی مهردانین بۆ هونه‌رمه‌ندان چنار كه‌ركووكی و عومه‌ری حهمهدرێژ، ره‌نگه له دوای جه‌ژن بێته به‌رهه‌م، گۆرانییه‌كه به‌ناوی "شیرین هه‌تاكه‌ی".
ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام، له ساڵی 2007 له كه‌ركووك دامه‌زراوه، جیا له‌و خولانه‌ی بۆ گه‌نجانی مهقامدۆستی شاره‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه، به‌شداریی له چه‌ندان ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵ له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشدا كردووه. ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووك كه له بواری مه‌قامدا پسپۆڕن، ناوهندكه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.