توێژینەوەیەك: "ئینشەڵا هەموو شتێك باش دەبێ" نایەڵێ بگەی بە ئامانج


دەستەواژەی "ئینشەڵا هەموو شتێك باش دەبێ" یان هەر دەستەواژەیەكی تر كە ئەوپەڕی هیوا و دڵنیایی تێدایە، ئەگەری هەیە نەیەڵێ ئامانجەكانت بپێكی، ئەمەش لە دواترین توێژینەوەدا دەركەوتووە.

بەپێچەوانەی ئەوەی كە هەمیشە دەگوترێ كە هەردەم بە هیواوە بیر بكەرەوە، "تیم بۆلن" پڕۆفیسۆری دەروونناسی بەریتانی، ڕای دەگەیەنێ كە ئەو زێدەڕۆیییە لە هیوا بە داهاتوو دەكرێ، دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەكان، چونكە وات لێ دەكات پلان بۆ داهاتوو دانەنێیت و هیچ ئەگەرێكی سەرنەكەوتن نەخەیتە پێش خۆتەوە، هەر كەسێكیش پلانی B (پلانی دووەم و یەدەگ)ی نەبێ، ئەگەری هەیە لە كارەكانیدا سەركەوتوو نەبێت.

ئەو پڕۆفیسۆرە هەروەها دەڵێ: ناشاردرێتەوە كە هەمیشە بە هیواوە كاركردن گرنگی زۆری هەیە بۆ سەركەوتن، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە، ئەوە نییە كە هەمیشە وا بزانیت سەرناكەویت، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە زیاتر لە ڕێگەیەك بۆ سەركەوتن بدۆزیتەوە، ئینجا هیواكەت دابنێ.  

هەر بەپێی ئەو توێژینەوەیە كە تیم بۆلن ئەنجامی داوە، ئەگەری هەیە هیوای زۆر تووشی تەمبەڵیت بكات، ئەوانەی كە لە ئێستەوە بڕیاریان داوە داهاتوویان باش دەبێ، ئەگەری زۆری هەیە تاقەتی كاركردنی زیاتریان نەبێ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن كە هیچ شتێك لە ژیاندا مسۆگەر نییە.

پڕۆفیسۆرەكە بە باشی دەزانێ، هەمیشە مرۆڤ لەگەڵ هیواكانی، گرنگە لایەنی نەرێنییش لەیاد نەكات و بیر لەوە بكاتەوە هەركات شكستی هێنا، چۆن بتوانێ سەربكەوێت.

سەرچاوە: دەیلی مەیل


وشە - كوردۆ شابان


AM:10:40:20/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 1509 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌