بڕیاره له دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان، كتێبی "من دیێگۆی خه‌ڵكم" كه بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌فسانه‌ی كۆچكردووی تۆپی پێ، دیێگۆ مارادۆنایه، به كوردی بڵاو بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو هه‌شتی ئایار، ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا ڕۆژنامه‌وان و بێژه‌ری وه‌رزشی كه كاری وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ی بۆ كوردی كردووه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "كتێبه‌كه باس له چه‌ندان وێستگه‌ی گرنگی ژیانی یاریزانی ناوداری تۆپی پێ دیێگۆ مارادۆنا ده‌كات، هه‌ر له منداڵییه‌وه تا كۆتاكانی كاروانی وه‌رزشی له ناو یاریگه‌كاندا".
ڕوونی كرده‌وه، "كتێبه‌كه زۆر سه‌رنجڕاكێشه و بیره‌وه‌رییه‌كان له زمانی مارادۆناوه ده‌گێڕێنه‌وه، بۆیه چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه و زۆریش له وه‌رزشوانان له‌گه‌ڵ ئه‌و بیره‌وه‌رییانه ژیاون".
وه‌رگێڕی كتێبه‌كه باسی ئه‌وه‌یشی كرد، كتێبه‌كه له لایه‌ن ده‌زگه‌ی فام بۆ بڵاوكردنه‌وه، چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه و له دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان دێته بڵاوكردنه‌وه.
مارادۆنا ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین و دنیایه و له كۆتاكانی ساڵی ڕابردوو به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ناسراوترین یاریزانی تۆپی پێیه له مێژوودا.
هه‌روه‌ها ئه‌م به‌رهه‌مه سێیه‌م كتێبی وه‌رگێڕانی ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵایه، دوای ئه‌وه‌ی دوو كتێبی تری له‌سه‌ر ژیانی زه‌ینه‌دین زیدانی فڕه‌نسی و خۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنه‌ری ناوداری پۆرتوگالی بڵاو كرده‌وه.