یادی 12 ساڵەی مردنی سەڵاح داودە دەكرێتەوە

:: PM:01:33:09/05/2021 ‌
ئەمڕۆ نۆی ئایار كە رۆژی مردنی هونەرمەندی گەورە سەڵاح داودەیە، هونەرمەندانی شاری كەركووك لەو بۆنەیەدا سەردانی مەزارەكەی دەكەن و یادی دەكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئایار لەلایەن هونەرمەندانی كەركووك، ناوەندی عەلی مەردان، كتێبخانەی كارێزی، تیپی شانۆی ئاشتیی كەركووك، بە سەردانێك بۆ سەر مەزاری ئەو هونەرمەندە، یادی 12 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەند سەڵاح داودەیان بەرز راگرت.

سەرپەرشتیاری ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بەناوی هونەرمەندانی شارەكەوە بۆ "وشە" گوتی، هونەرمەندی خواڵێخشبوو سەڵاح داودە كە یەك لە ناوە زۆر گەورەكانی مەقام و گۆرانیی رەسەنی كوردییە، لەم رۆژەدا بوو كۆچی دوایی كرد، ئێمەیش ساڵانە لەم رۆژەدا یادی دەكەینەوە و بە سەردان بۆ سەر مەزارەكەی، هونەری ئەو هونەرمەند بەرز رادەگرین.

ئەوەشی گوت كە چەند جارێك بە بۆنەكەوە ئاهەنگ یان فێستیڤاڵمان ساز كردووە، بەڵام ماوەیەكە بەهۆی دۆخی داراییەوە، هەر ئەوەندەمان پێ دەكرێ كە سەردانی مەزارەكەی بكەین و گوڵبارانی بكەین.

سەڵاح داودە كە مەقامبێژ و گۆرانیبێژێكی رەسەنی كوردە، لە ساڵی 1941 لە كەركووك لە دایك بووە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە گۆرانی و مەقامی گوتووە و لە سەرەتای حەفتاكاندا ژمارەیەك مەقام و گۆرانیی بۆ رادیۆ كوردی لە بەغدا و تەلەڤزیۆنی كەركووك تۆمار كرد. بەشداریی لە دەیان ئاهەنگ و فێستیڤاڵی هونەریی كردووە. لە 9/5/2009 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و هەر لەو شارەشدا بەخاك سپێراوە.

وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د