هه‌ریه‌كه له دژه‌تیرۆری یه‌كێتی و ئاراس جه‌نگی برای لاهوور جه‌نگی، له‌سه‌ر تێوه‌گلانی دژه تیرۆر له كوشتنی قاسم سلێمانی، وه‌ڵامی یه‌كتر ده‌ده‌نه‌وه. ئاراس جه‌نگی ده‌ڵێ، بردنی دژه‌تیرۆر بۆ كوشتنی سلێمانی به پرس و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نه‌بووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نۆی ئایار، ئاژانسی یاهوونیوز كه میدیایه‌كی ئه‌مه‌ریكایه له راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، هێزێك له دژه‌تیرۆری یه‌كێتی به‌شداری له كوشتنی قاسم سلێمانی كردووه.
ئاژانسه‌كه ورده‌كاریی ئاشكرا كردووه و نووسیویه‌تی، دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ڕۆڵی به‌رچاوی له پلانی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس هه‌بووه.
لاهوور سه‌لماندی باكی به ئاغاكهیشی نییه
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه، دژه‌تیرۆری یه‌كێتی كه ده‌زگایه‌كی پابه‌ند نه‌بووه به‌یاسا و له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی سه‌ربازی و ته‌ناهیی، ته‌نیا كار بۆ كه‌سێك ده‌كات، به شڵه‌ژاوی روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان به‌شدار بووبن له كوشتنی قاسم سلێمانی.
دژه‌تیرۆری یه‌كێتی به‌هۆی شڵه‌ژانیان له نووسینی روونكردنه‌وه‌كه‌دا، پێوه‌ستیان كردووه‌ته‌وه به‌چه‌ند پرسێكی لۆكاڵی ناوخۆی و پێیان وایه ئه‌وه "پیلانه دژی ئه‌وان".
جاك مۆرفی ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری راپۆرته‌كه‌ی یاهوونیوز له چه‌ند تویتێكدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌و هێزه‌ی دژه‌تیرۆری یه‌كێتی كه لاهوور جه‌نگی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، به‌شدار بوون له كوشتنی قاسم سلێمانی.
تا ئێره ڕوونه كه دژه تیرۆری یه‌كێتی به شڵه‌ژاوی ئه‌وه‌ی ره‌ت كردووه‌ته‌وه به‌شدار بووبن. به‌ڵام ئاراس جه‌نگی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و برای لاهوور جه‌نگی، چه‌ند سه‌عاتێك دوای روونكردنه‌وه‌كه‌ی دژه‌تیرۆر، وه‌ك سایتی "خه‌ندان و چاو‌دێر" ده‌ڵێن، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه و جۆرێك له سه‌رزه‌نشت بۆ دژه‌تیرۆر به قسه‌كانیه‌وه دیاره.
ئاراس جه‌نگی له فه‌یسبووك روونكردنه‌وه‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه و ماڵپه‌ڕی خه‌ندان و چه‌ند میدیایه‌كی تری یه‌كێتیش وه‌ك هه‌واڵ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه. ئاراس ده‌ڵێ، بردنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی دژه‌تیرۆر نه به‌ئاگاداری یه‌كێتی و نه له ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی بووه.
وه‌ك دووپات ده‌كاته‌وه كه له سیاسه‌تی یه‌كێتی نه‌بووه هه‌رگیز دژی دۆسته‌كانی سه‌نگه‌ر لێ بدات. ئه‌وه‌یش به‌و مانایه دێ كه ئه‌وان قاسم سلێمانییان به دۆستی خۆیان زانیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له پلانی كوشتنی به‌شدار بوون، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان نه‌بووه.
دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ده‌زگایه‌كی ناپابهنده به یاساكانی هه‌رێمی كوردستان و زۆرتر رۆڵی گرووپی مافیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌س ده‌بینن.
ئاشكرابوونی خیانه‌تی لاهوور جه‌نگی و ده‌زگاكه‌ی له دۆسته هه‌میشه‌ییه‌كانی كه قاسم سلێمانی و مه‌هدی موهه‌ندیس بوون، پێشتر له خیانه‌تێكی تردا كه‌ركووكی پێ فرۆشتبوون، سه‌لماندی باكی به ئاغاكهیشی نییه و ئه‌ویش ده‌فرۆشێته‌وه و هه‌موو شتێك بۆ فرۆشتنه لای ئه‌و.
پلانی كوشتنی قاسم سلێمانی له سێی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020 جێبه‌جێ كرا. وه‌ك یاهوونیوز نووسیویه‌تی، "سێ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكا كه مووشه‌كی جۆری هێلی فایهریان هه‌ڵگرتبوو، له ئۆپراسیۆنه‌كه به‌شدار بوون و هاوكات نیشانشكێنه‌كانی یه‌كه‌ی تایبه‌تیی دێلتافۆرسی ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی رۆڵیان هه‌بووه".
قاسم سلێمانی شه‌ش سه‌عات به‌ر له‌وه‌ی بكوژرێت، سێ جار مۆبایله‌كه‌ی گۆڕیوه، به‌ڵام ئیسرائیلییه‌كان هه‌ر به‌دوای بوون و ته‌واوی پێوه‌ندییه‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه و سه‌رجه‌م زانیارییهكانیشیان داوه‌ته ئه‌مه‌ریكییه‌كان.
له‌و شه‌وه‌ی هێرشه‌كه ئه‌نجام درا، چه‌ند به‌شێك له شه‌قامه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا به بیانووی جیاواز داخرابوون، سێ یه‌كه‌ی تایبه‌تیی نیشانشكێنی سه‌ربه دێلتافۆرسی ئه‌مه‌ریكا له مه‌ودای 500 تا 800 مه‌تری ئه‌و به‌شه جێگیر بوون. یه‌كێك له‌و نیشانشكێنانه كامێراكه‌ی راسته‌وخۆ به كۆنترۆڵی فه‌رمانده‌یی دێلتافۆرس له باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا گرێ درابوو، فه‌رمانده‌كه ئاگای له ورده‌كارییه‌كانی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه هه‌بووه.
هێزێكی دژه‌تیرۆری كوردستانیش كه به counter terrorism group ناویان هاتووه و به CTG كورت كراوه‌ته‌وه، له ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا به‌شدار بوون، ئه‌وانه هێزی دژه تیرۆری سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن كه له جلكی مه‌ده‌نی و وه‌ك فه‌رمانبه‌ری فڕۆكه‌خانه له كاتی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی قاسم سلێمانی، رێنوێنیی فڕۆكه‌وانیان كردووه كۆتایی به گه‌شته‌كه بهێنێت، یه‌كێكی تریش جانتاكانی فڕۆكه‌ی بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كان گواستووه‌ته‌وه.
سلێمانی و هاوڕێكانی دواتر به دوو ئۆتۆمبێل فڕۆكه‌خانه به‌جێ ده‌هێڵن و پێش ئه‌وه‌ی له فڕۆكه‌خانه بچنه ده‌ره‌وه، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كراونه‌ته ئامانج.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، وێنه‌گرتنی رووداوه‌كه دوای ئه‌و هێرشه و وه‌رگرتنی نموونه‌ی DNA ی كوژراوه‌كان، له ئه‌ستۆی ئه‌و هێزه‌ی دژه تیرۆر بووه كه به‌شێكیان له جلكی پۆلیسی به‌غدا كاریان كردووه و دوای كاره‌كه‌یان شوێنه‌كه‌یان جێهێشتووه.