ڕۆژی هه‌شتی ئه‌م مانگه له‌سه‌ر پێدانی كرێی ڕۆژانه‌ی كرێكارێك، له‌لایه‌ن وهستاكهیهوه به چه‌قۆ كوژرا، به‌ڵام هێشتا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ڕووداوه‌كه نه‌گیراوه.
رووداوه‌كه به‌و جۆره بووه كه دوای ئه‌وه‌ی داوای كرێی رۆژانه‌ی كردووه، وه‌ستاكه له مافی خۆی كه‌متری پێ ده‌دات و دوای ده‌مه‌قاڵێ، چه‌قۆیه‌ك له سنگی كرێكاره‌كه‌ی ده‌دات كه خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستانه و وهستاكهیش خه‌ڵكی باكوری كوردستانه.
له دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه، پۆلیس سه‌رقاڵی گه‌ڕانن به‌شوێنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی، به‌ڵام دوو كه‌س كه له تۆمه‌تباره سه‌ره‌كییه‌كه نزیكن، گیران. سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی سلێمانی، بۆ "وشه" گوتی، سه‌رجه‌م بازگه و خاڵه سنوورییه‌كان له‌ناو و وێنه‌ی تۆمه‌تباره‌كه ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه، چونكه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نییه.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد كه سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان سه‌رقاڵی هه‌وڵدانی گرتنی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ن و "هێشتا نه‌گیراوه".
ماوه‌یه‌كه له سلێمانی ره‌وشی ته‌ناهیی روو له خراپبوونه و رووداوه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن روو له هه‌ڵكشانه.