گۆڤاری فۆربسی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی هێزی ئاسمانی عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه به‌هۆی كشانه‌وه‌ی بریكار و به‌ڵێنده‌ره‌كانی سه‌ر به كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئه‌مه‌ریكی زۆرینه‌ی فڕۆكه ئێف 16ه‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌كیان كه‌وتووه و هێزی ئاسمانی عێراقیش هه‌ندێكیان له‌ت كردووه و پارچه‌كانیان بۆ چاككردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی تر به‌كارهێناوه.
له ڕۆژانی ڕابردوو جارێكی تر كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئه‌مه‌ریكی سه‌رجه‌م به‌ڵێنده‌ره‌كانی له عێراق به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی میلیشیاكان كێشایه‌وه، ئه‌مه‌یش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ، كه به ته‌واوی تواناكانی هێزی ئاسمانی عێراق په‌كبخات، ئه‌م هه‌نگاوه‌یش داهاتووی فڕۆكه جه‌نگییه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هێزی ئاسمانی عێراق ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
به‌هۆی دوا هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی به‌له‌د كه ته‌واوی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئێف 16ی عێراقی تێدایه، جارێكی تر به‌ڵێنده‌ره ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه بۆ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له عێراق بوون، وڵاته‌كه‌یان جێهێشت و به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕانه‌وه.
نه‌ك ته‌نیا فڕۆكه‌ی ئێف 16 بگره فڕۆكه جه‌نگییه ڕووسییه‌كانیشی په‌كیان كه‌وتووه
كشانه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كان له كاتێكدایه له ساڵی ڕابردوویش چه‌ندان ڕاپۆرت و زانیاری بڵاوكرانه‌وه، له‌باره‌ی په‌ككه‌وتنی نیوه‌ی فڕۆكه ئێف 16ه‌كانی عێراق. گۆڤاره‌كه نووسیویه‌تی، له كۆی نزیكه‌ی 50 فڕۆكه له كانوونی یه‌كه‌م/ دیسێمبه‌ری 2020 ته‌نیا حه‌وت فڕۆكه‌ی ئێف 16ی عێراقی توانای فڕینیان به ته‌واوی هه‌بووه و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان كارا بووه، هه‌رچه‌نده له شه‌شی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ له ساڵڕۆژی سوپا 23 له‌و فڕۆكه جه‌نگیانه به ئاسمانی به‌غدا سووڕانه‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ته‌نیا حه‌وت فڕۆكه له‌وانه بێ كێشه بوونه، ئه‌وانه‌ی تر سه‌ره‌ڕای فڕینیان و سووڕانه‌وه‌یان به ئاسمان، به‌ڵام توانای پێوه‌ندی و پێوه‌ستبوونیان به ڕاداره‌كان نه‌بووه و ئامانجیان له زه‌وییه‌وه به ڕاسته‌وخۆ پێ ناگات، واته كێشه و كه‌موكوڕی زۆریان هه‌یه و پێویستیان به چاككردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه.
به‌شێكی تریش له سه‌رچاوه‌كان نایشارنه‌وه كه هێزی ئاسمانی عێراق له ڕێی تیمه ئه‌ندازه‌ییه‌كانی خۆی، كه‌لوپه‌لی هه‌ندێ له فڕۆكه‌كانی لێ كردووه‌ته‌وه و له هه‌ندێكی تری به‌ستاون، تا كێشه و كه‌موكوڕییه‌كانیان نه‌مێنێت و بتوانن به ئاسانی به ئاسمان بسووڕێنه‌وه و توانای چاودێری و پێوه‌ستبوونیان به ڕاداره‌كانه‌وه هه‌بێ و بتوانن بۆردمانی بنكه و باره‌گه‌كانی داعش بكه‌ن.
گۆڤاره‌كه نووسیویه‌تی، له كۆی فڕۆكه‌كانی عێراق له جۆری ئێف 16ی ئه‌مه‌ریكی 10 دانه‌یان به ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه و توانای فڕینیشیان نییه و پێویستیان به چاككردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هه‌یه، نیوه‌ی فڕۆكه‌كانی تریش له ئه‌گه‌ری هه‌ستان و فڕینیان به ئاسمانه‌وه ئه‌گه‌ری دروستبوونی كێشه‌ی ته‌كنیكیان له ئاسمان و كه‌وتنه خواره‌وه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی عێراقه‌وه به‌كارناهێنرێن.
كێشه‌كه هه‌ر له په‌ككه‌وتنی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكی نییه كه پێشتر عێراق له واشنتنی كڕیوه، به‌ڵكو پكشنه‌ری گشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه فڕۆكه‌ی جه‌نگی ڕووسی له جۆری سۆخۆی 25یش كه هێزی ئاسمانی عێراق خاوه‌نیه‌تی، زۆرینه‌یان په‌كیان كه‌وتووه و ناتوانن به ئاسمانه‌وه بفڕن، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا كاركردنی بێ كێشه‌ی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی هێرشبه‌ری ئاست مامناوه‌ندی چیكییه له جۆری ئێل 159.
هێزی ئاسمانی تووشی گه‌وره‌ترین كێشه بووه‌ته‌وه و تواناكانی له‌ده‌ستداوه
هه‌موو ئه‌مانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه هێزی ئاسمانی عێراق ڕووبه‌ڕووی داڕمانێكی ترسناك بووه‌ته‌وه و تواناكانی به ته‌واوی له ده‌ستداوه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه به‌رده‌وام جموجۆڵه‌كانی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش ڕوو له زیادبوونه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزی ئاسمانی عێراق له شه‌ڕی عێراق - ئێران ڕۆڵی كارایان گێڕا، به‌ڵام له دوای جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو و هێرشی به‌عس بۆ سه‌ر كوێت، هه‌موو شتێك پێچه‌وانه بووه‌وه و تواناكانی هێزی ئاسمانی عێراق به ته‌واوی په‌كی كه‌وت و تا ئێسته‌یش نه‌یتوانیوه باری لاری خۆی ڕاست بكاته‌وه.
به‌ر له هێرشكردنه سه‌ر كوێت، به‌عس گرێبه‌ستی كرد بۆ كڕینی 140 فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری مێگ و سۆخۆی 24ی ڕووسی و 60 فڕۆكه‌ی جه‌نگی تر له جۆری میراج 2000ی فڕه‌نسی، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و گرێبه‌ستانه نه‌كه‌وتنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌هۆی هێرشكردنه سه‌ر كوێت و سه‌پاندنی قورسترین سزا به‌سه‌ر عێراقه‌وه.