جموجووڵی بازرگانی لە دەروازەی باشماخ رادەگیرێت

:: AM:10:54:12/05/2021 ‌
لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، جموجووڵی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ ماوەی 24 سەعات رادەگیرێت و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیارانیش تا 21ی مانگ درێژەی دەبێت.

ئیسماعیل عەلی لێپرسراوی راگەیاندن و پێوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، بە "وشە"ی راگەیاند، جووڵەی بازرگانیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، رادەگیرێت و لە رۆژی دووەمەوە دەست پێ دەكاتەوە.

ئەو ئاماژەی دا، بڕیارەكە لە لایەن ئێرانەوە دەرچووە و ئەگەر لەودیو رێ بە جووڵەی بازرگانی نەدرێت، ئەوا لەمدیویش ناكرێ هیچ جووڵەیەكی بازرگانی هەبێ. 
قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریش لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ کرایەوە

جێی باسە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەرێی دەروازە سنوورییەكانەوە تا 21ی ئەم مانگەش درێژ كراوەتەوە.

لێپرسراوەكەی باشماخ هۆكاری ئەو بڕیارە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا گەڕاندووەتەوە، تەنیا ئەو كەسانەی هەڵگری ڤیزەی نەخۆشین یان خوێندكارن لە یەكێك لە زانكۆكانی ئێران یان خاوەن نشینگە و ڤیزەی بازرگانیی و وەبەرهێنانن، رێی هاتوچۆیان پێ دەدرێت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانییەوە دوورە، هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان .

وشە/ رێبین پێنجوێنی


وشە - سلێمان تاشان