كۆرۆنای هیندی هێرش دەكاتە سەر 44 وڵات

:: AM:11:14:12/05/2021 ‌
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای دەگەیەنێت، ئەو جۆرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بە "كۆرۆنای هیندی" ناو دەبرێت، گەیشتووەتە 44 وڵاتی دنیا كە ئەمەیش مەترسییەكی رژدی بەدواوەیە.

پێگەی "ئیلاف" كە ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئایار هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بە پەیامی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كردووە كە لەبارەی كۆرۆنای هیندی بڵاوی كردووەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی ئەو رێكخراوە، ئەو جۆرە ڤایرۆسەی بەناوی كۆرۆنای هیندی بڵاو بووەتەوە، گەیشتووەتە 44 وڵاتی دنیا.

رێكخراوەكە ئەوەشی گوتووە، ئەو جۆرەی ڤایرۆسەكە بەناوی "بی یەك 617" بە فراوانی بڵاو بووەتەوە و ناوی كۆرۆنای هیندی لێ نراوە، دۆخی هیندستانی ناجۆر كردووە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر لەو وڵاتە بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن، ڤایرۆسەكە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لە هیند سەری هەڵدا و ئێستە زۆر بە فراوانی بە وڵاتاندا بڵاو بووەتەوە.

بەپێی راگەیاندنی رێكخراوەكە، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی تووشی كۆرۆنای هیندی بوون، لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەوروپایین.

تا دووشەمی رابردوویش ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هیندستان گەیشتە سەرووی 21 ملیۆن كەس، شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دۆخێكی زۆر مەترسیداری لەم وڵاتە هێناوەتە كایەوە و 230 هەزار كەس بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە. لە هیندستان ئۆكسجین بەشی نەخۆشەكان ناكات و ژمارەی قوربانی ئەوەندە زۆر بوون، بە ناشتن یان سووتاندنیان راناگەن.

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د