هەڕەشەی كوشتن لە كاندیدانی هەڵبژاردنی عێراق دەكرێت

:: PM:01:50:12/05/2021 ‌
بەیارق خێر كە فراكسیۆنێكی پەرلەمانی عێراقە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویش چەند كاندیدێكی هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكە رای دەگەیەنێت، چەند كاندیدێكیان بەهۆی هەڕەشەی كوشتن، خۆیان كێشاوەتەوە، دووپاتیش دەكاتەوە كە لایەنە تەناهییەكانیش ئاگادارن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی بەیارق خێر لە پەرلەمانی عێراق محەمەد خالدی رای گەیاند، چەند كاندیدێكیان كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید كردووە، نامەی هەڕەشەی كوشتنیان بۆ هاتووە و داوایان لێ كراوە خۆیان بكێشنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش لایەنە تەناهییەكانیش ئاگادارن.

محەمەد خالدی ئەوەشی گوت، ئەو كاندیدانەی هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە، خۆیان كێشاوەتەوە. نەك هەر كاندیدانی بەیارق خێر، تەنانەت كاندیدانی چەند فراكسیۆنی تریش هەمان هەڕەشەیان لێ كراوە، هەندێك كشاونەتەوە و هەندێكی تریش سوورن لە خۆ كاندیدكردن و گوێیان بە هەڕەشەكان نەداوە.

خالدی دووپاتی كردەوە كە بۆ ئەو هەڕەشانە، لایەنەكانی تەناهیش ئاگادار كراونەتەوە و ئەوانیش دەڵێن لێكۆڵینەوە دەكەین، بەڵام هەڕەشەكان بەردەوامن.

دواتریش سەرۆكی فراكسیۆنی بەیارق خێر داوای لە حكوومەت و هێزەكانی تەناهی كرد، وریای دۆخەكە بن كە زۆر رژدە، گرنگە بزانرێ ئەو لایەنانە كێن لە پشتی هەڕەشەكاندان.

ئەوە لەكاتێكدایە چەند رۆژ بەر لە ئێستە، كاندیدێكی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە كەركووك رای گەیاندبوو، هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردووە ئەگەر خۆی لە هەڵبژاردن نەكێشێتەوە، بەڵام وەك خۆی گوتی، سوورە لە خۆكاندیدكردن.

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەم، هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە بچێت، لەكاتێكدا دۆخی تەناهی لە تەواوی وڵاتەكەدا لەوپەڕی خراپیدایە جگە لە هەرێمی كوردستان.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د