شەڕە مووشەكی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی پەرە دەستێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵە سەربازییەكانی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەیان مووشەكیان گرتە ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلیش لە بۆردمانكردنی چەند ئامانجێك لە كەرتی غەزەی فەلەستینی بەردەوامە و كوژرانی چوار سەركردەی تری حەماسی راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەم دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل
(شاباك)، ناوی چوار سەركردەی بزووتنەوەی حەماسی بڵاو كردەوە، كە لە ئەنجامی كردەیەكی سەربازی لە كەرتی غەزەدا كوژراون، ئەوانیش بریتین لە هەریەك لە بەسام عیسا، فەرماندەی لیوای غەزە و جومعە تەحلە، بەرپرسی هۆبەی سایبەر و بەڕێوەبەری پڕۆژەی زیادكردنی وردیی مووشەكەكانی حەماس و حازم خەتیب، بەرپرسی ئەندازیاران لە دەستەی پەرەپێدان و جەمال زبدە، سەرۆكی بەشی پەرەپێدان و پڕۆژەكان لە دەستەی بەرهەمهێنانی حەماس.
زیاتر لە هەزار مووشەك لە كەرتی غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە
دوای هێرشەكە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆوك وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێكدا بەڵێنی وەشاندنی گورزی زیاتری بۆ بزووتنەوەی حەماس دا و گوتی، ئەوە سەرەتایە و گورزی وا لە تیرۆریستان دەدەین بە خەیاڵیاندا نەهاتبێت.
بەپێی سوپای ئیسرائیل، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی ئۆپراسیۆنێكی وردیان بۆ لەناوبردنی ژمارەیەك لە سەرانی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە و خان یوونس ئەنجام داوە، كە ئەوانە بەشێكی گرنگی فەرماندەكانی ئەركانی باڵی سەربازی حەماسن و نزیك لە محەمەد زەیف، سەركردەی دیاری بزووتنەوەكەن، بەر لەوەیش سوپای ئیسرائیل كوشتنی دوو فەرماندەی تەناهی سەر بە حەماسی لە بۆردمانكردنی تەلارێكی نۆ نهۆمی لە غەزە راگەیاند، كە وەك ناوەندێكی هەواڵگری حەماس بەكار هاتووە.
كاتێك سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە هەریەك لە حەسەن قەهوەچی، سەرۆكی دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی حەماس و وائیل عیسا، جێگری و بەپرسی هۆبەی نەهێشتنی سیخوڕی كوژراون، لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاندبوو كە لە ئێوارەی دووشەمەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار مووشەك لە كەرتی غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە، بەپێی زانیارییەكان زیانی فەلەستینییەكان تا ئێستە 53 كوژراو و 320 بریندارە و لە ئیسرائیلیش شەش كوژراو و دەیان بریندار هەیە.