سیستمی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل چۆن كار دەكات؟

:: PM:05:50:13/05/2021 ‌

ئێستە لە میانەی ئەو شەڕە مووشەك و بۆردمانەی لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا هەیە، تەلئەبیب پشت بە سیستمی دژە مووشەكی بەرگری ئاسمانی (گومەزی ئاسنین)، دەبەستێت بۆ پاراستنی هاووڵاتی و دامەزراوە و شوێنە گرنگەكانی لەو مووشەكانەی لە غەزەوە ئاراستەی دەكرێت، بەڵام ئەو سیستمە و خاڵی لاوازی چییە؟

ئەو سیستمە مووشەكییە بەرگی ئاسمانییە سەكۆی هەڵدانی جووڵاوەی هەیە و لە 2010 هاتە بەكارهێنان، كە لەلایەن كۆمپانیای رافائیل بۆ سیستمەكانی بەرگری ئاسمانی بە هاوكاری سوپای ئیسرائیل لە 2007 پەرەی پێ درا و تێچووەكەی 210 ملیۆن دۆلار بوو، ئەو سیستمە تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی مووشەكی نزیك مەودا و گوللەی تۆپ لە جۆری 155 ملیم، كە مەوداكەیان دەگاتە 70 كیلۆمەتر. 
ناتوانێت بەرپەرچی ئەو تۆپ و مووشەكانە بداتەوە كە مەودایان لە چوار كیلۆمەتر كەمترە
ئەو سیستمە لە ئامێرێكی رادار و سیستمێكی چاودێریكردن و گورزەیەكی 20 مووشەكی بەرپەرچدانەوە بە ناوی تایمەر پێكهاتووە، هەر مووشەكێكی كڵاوەیەكی جەنگی هەڵگرتووە كە لە 11 كیلۆگرام مادەی تەقەمەنی بەهێز پێكهاتووە، مەودای مووشەكەكە لە نێوان چوار بۆ 70 كیلۆمەترە، ئەو مووشەكە توانای رێ پێگرتن و تێكشكاندنی هەر ئامانجێكی لە هەوادا هەیە.

كاركردنی سیستمەكە بریتییە لەوەی بەهۆی رادارەكەوە مووشەك یان گولە تۆپی هاتوو ئاشكرا دەكرێت، سیستمی چاودێریش بەدوایدا دەچێ و زانیارییەكان بە یەكەی شەڕوانی دەدرێت، بۆ دیاریكردنی شوێنی مووشەكەكە و كات و شوێنی كەوتنی، بۆیە ئەگەر ئامانجی مووشەكی هاتوو مەترسیدار بوو، دوای چەند چركەیەك فەرمان بە رێگرتن لە مووشەكەكە لە ئاسمانەوە دەدرێت، كاتێك كڵاوەی مووشەكی سیستمەكە لە نزیك مووشەكی هاتوو دەتەقێندرێتەوە، بۆ تێكشكاندنی. 

بەپێی زانیارییەكان، ئەگەرچی پارەیەكی زۆر لە پەرەپێدانی ئەو سیستمە خەرج كراوە، بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە ناتوانێت بەرپەرچی ئەو تۆپ و مووشەكانە بداتەوە كە مەودایان لە چوار كیلۆمەتر كەمترە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل