یەکەم ڕۆژی جەژن.. زۆرترین لە دایکبوونی منداڵ لەم شارە بووە

:: PM:06:46:14/05/2021 ‌
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەکانی منداڵبوون لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک زیاتر لە 100 منداڵ لە دایکبوون، زۆرترین لە دایکبوونیش لە پارێزگاى هەولێر بووە و سلێمانیش کەمترین لە دایکبوونی هەبووە، زۆرترین لە دایکبوونیش لە ڕەگەزی نێر بووه‌.

شوان تەحسین، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان واتە دوێنێ پێنجشەم، لە ناو نەخۆشخانە منداڵبوونی هەولێر 43 منداڵ لە دایکبوون.

ڕوونى كرده‌وه‌، لەو ژمارەیە 26  منداڵییان لە ڕەگەزی نێر و 17 منداڵییان لە ڕەگەزی مێ بوونه‌، هەروەها 31 لە منداڵەکان بەڕێی ئاسایی لە دایکبوونه‌، 12 دانەیشیان بە ڕێی نەشتەرگەری بوونه‌ و هیچ حاڵەتێکی مردنیش تۆمار نەکراوە.

ئیمان سدیق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی شاری دهۆک بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی جەژن لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی دهۆک 36 منداڵ لە دایکبوون، ڕێژەی لە دایکبوونی کوڕ لە کچ زیاتر بووە.

لە لایەکی ترەوە شلێر فایق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی به‌ "وشه‌"ى ڕای گەیاند، لە یەکەم ڕۆژی جەژن لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی 22 منداڵ لە دایکبوون، لەو ژمارەیە 12 منداڵییان لە ڕەگەزی نێر و 10 منداڵی تریان لە ڕەگەزی مێ بوونه‌.

ئەو ئامارانه‌ى منداڵ بوون لە نەخۆشخانە حکوومییەکان لە کاتێکدایە نەخۆشخانە تایبەتییەکانی منداڵبوونیش لە شارەکان ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕوویان تێ دەکەن بۆ لە دایکبوونی منداڵ.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران